یەکەم جارە بەشار ئەسەد کەسێکی جۆلانی ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت

دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی ناوەندیی حزبی بەعسی ئیشتراکی، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا د. محەممەد غازی جەلالی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە سووریا.

ئەمە یەکەم جارە دیمەشق ڕاوێژکاری لەسەر دانانی سەرۆک وەزیرانی نوێ ڕادەگەیەنێت، چونکە نزیکەی پێنج دەیەیە نەریتەکە ئەوها بووە کە ڕاوێژ لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لە چوارچێوەی بازنەی یەکەمی دەسەڵاتدا بووە دوور لە مێدیاکان.

لەوەتەی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2000ەوە دەسەڵاتی وەرگرتووە، سەرۆکوەزیران لە ئەندامانی پێشووی حکوومەت، پارێزگارەکان، یان باڵیۆزەکانی پێشوو هەڵدەبژێردرێن کە ئەزموونیان لە کاری ئیداری و وەزاریدا هەیە،  لەلایەن دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە، زۆرجاریش ئەندامی سەرکردایەتیی ناوەندیی حزبی بەعس یان کۆمیتەی ناوەندی بووە.

سەرچاوە مێدیاییە سەربەخۆکانی سووریا ڕایانگەیاندووە، لە چوارچێوەی ئەم پێوەرانەدا، پێناچێت جێگەی سەرسوڕمان بێت کە محەمەد غازی جەلالی ڕاسپێردرابێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەو پێیەی دیمەشق بەردەوامبوونی خۆی دووپات کردووەتەوە لە پرۆسەی چاکسازی ئیداری کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە، هەروەها ئەندامەکانی حزبی بەعس پێکهاتەی سەرەکی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەندیکاکان پێک دەهێنن، لە بەرامبەردا ژمارەیەکی کەم لە لایەنە هاوپەیمانەکان و سەربەخۆکان پۆستیان بەدەستەوەیە.

یەکەم سەرۆکوەزیران لە جۆلانەوە

د.محەممەد غازی جەلالی لە ساڵی 1969 لە دیمەشق لەدایک بووە، لە ساڵی 1992 بڕوانامەی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی دیمەشق بەدەست هێناوە، هەروەها بڕوانامەی دکتۆرای لە ئابووریی ئەندازیاری لە زانکۆی عەین شەمس لە قاهیرە لە ساڵی 2000 بەدەست هێناوە، وەزیری پەیوەندییەکان بووە لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2016، دواتر دوورکەوتەوە و  پۆستی سەرۆکی زانکۆی ئەهلیی سووریای لە ساڵی 2023 وەرگرتووە، پاشان لەدوایین هەڵبژاردنەکان ناوی لە لیژنەی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی بەعس دەرکەوتەوە.

جەلالی، لە گوندەکانی جۆلانی سووریا کە ئێستا لەژێر دەستی ئیسرائیلدان، لە دایک بووە، هەروەها یەکەم کەسایەتییە لە جۆلانەوە کە لە سەردەمی حافز ئەسەد تاوەکو ئەسەدی کوڕ، ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.