کارزان هادی: بەم نزیکانە زۆنی 'بی' ی هەشتی حەسارۆک کارەکانی تەواو دەبێت
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، کارەکانی هەشتی حەسارۆک زۆنی ' B' لە تەواو بووندایە بەمزووانە دەست بە کارەکانی زۆنەکانی دیکە دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیمان خزمەتگوزاریمان گەیاندە هەشتی حەسارۆک، زۆنی "B" بە نزیکەی 720 ملیۆن دینار، ئێستە لە قۆناغی کۆتاییدایە و کۆتایی بە کارەکان دێت.
سەرۆکی شارەوانی دەشڵیت: نزیکەی مانگێک دەبێت دەستمان بە پرۆژە و خزمەتگوزاری دیکە بە تێچووی نزیکەی 970 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی شارەوانیمان کردووە، بۆ زۆنی "D" ئێستە خەریکی تەختکردنی زەوییەکەین، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست دەکەین بە کارەکان، بۆ ئەوەی بتوانین بۆ پرۆژەکانی دیکە دەست بەکار بین.
کارزان هادی ڕاشیگەیاند، "لە پلانماندایە لە زۆنی "C"یش کار وپرۆژەکان دەست پێ بکەین".
ڕۆژی چوارشەممە 2021/5/12 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکی لە شاری هەولێر کرد.
لای خۆیانەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر، ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی کێشە و گرفتەکانی ئەو زەويیانە بۆ سەرۆکی حکوومەت خستە ڕوو، سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا، موژدەی بە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، کێشەکانیان چارە دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەست پێ دەکات .
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە، لە شوێنەکانی تریش کێشەی هاوشێوە چارە بکەن و خزمەتگوازریی پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا، ئاوەدانیی لەو شوێنانە دەست پێ بکات.