بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) بەڕێوە دەچێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە  15ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  ئاهەنگی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر ( د.خ) لە هەولێر بەڕێوە دەچێت .

هەر بەم بۆنەیەوە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئێوارەی دوێنێ شەممە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد و ڕایگەیاند، به ‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، حەزرەتی محه‌مه‌د( دروودی خوای له‌سه‌ر بێت) ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م.

هەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیران هیواخوازە ئەم یادە‌ پیرۆزه‌، ببێته‌ مایەی خێر و خۆشیی و بەهێزکردنی کولتووری تەبایی و خوشەویستی و چاکەخوازی و پابەندبوون بە بەها و ئاکارە ئاشتیخوازەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.

ئەمڕۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) دەکرێتەوە، بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت، کە زیندووکردنەوەی یادەکە تایبەتمەندی و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، ساڵانە لەسەر ئەرکی پارێزگا، قەڵای هەولێر و چەندین رێگەی سەرەکی لە نێو بازاڕ و شەقامە گشتییەکانی دیکە شار بە پۆستەر و دروشمی تایبەت بە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر دەڕازێنرێتەوە و هاووڵاتییانی دانیشتووی سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەریشی دێنە ناو بازاڕ و بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی دەچنە سەر قەڵای هەولێر بەردەم قەڵا بەشداری لە ڕێوەڕەسمەکانی یادەکە دەکەن.

هەروا بۆ شکۆی یادەکە، چەندین ڕێوەڕەسمی تایبەتی ئایینی بەڕێوە دەچن و شیرینی دەبەخشرێتەوە لە بەشێکی زۆری مزگەوتەکانی بە خوێندنەوەی قورئان و سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر یادەکە دەکرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment