بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ئاهەنگی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) بەڕێوە دەچێت

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر ( د.خ) لە هەولێر بەڕێوە دەچێت .
هەر بەم بۆنەیەوە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئێوارەی دوێنێ شەممە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد و ڕایگەیاند، به بۆنهی یادی لهدایكبوونی پێغهمبهری ئیسلام، حەزرەتی محهمهد( دروودی خوای لهسهر بێت) ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دهكهم.
هەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیران هیواخوازە ئەم یادە پیرۆزه، ببێته مایەی خێر و خۆشیی و بەهێزکردنی کولتووری تەبایی و خوشەویستی و چاکەخوازی و پابەندبوون بە بەها و ئاکارە ئاشتیخوازەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.
ئەمڕۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) دەکرێتەوە، بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت، کە زیندووکردنەوەی یادەکە تایبەتمەندی و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، ساڵانە لەسەر ئەرکی پارێزگا، قەڵای هەولێر و چەندین رێگەی سەرەکی لە نێو بازاڕ و شەقامە گشتییەکانی دیکە شار بە پۆستەر و دروشمی تایبەت بە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر دەڕازێنرێتەوە و هاووڵاتییانی دانیشتووی سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەریشی دێنە ناو بازاڕ و بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی دەچنە سەر قەڵای هەولێر بەردەم قەڵا بەشداری لە ڕێوەڕەسمەکانی یادەکە دەکەن.
هەروا بۆ شکۆی یادەکە، چەندین ڕێوەڕەسمی تایبەتی ئایینی بەڕێوە دەچن و شیرینی دەبەخشرێتەوە لە بەشێکی زۆری مزگەوتەکانی بە خوێندنەوەی قورئان و سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر یادەکە دەکرێتەوە.