کرماشان گوڵ و گیای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆ دەکاتەوە

دوازدەهەمین پێشانگەی گوڵ و گیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کرماشان بەڕێوە چوو، بەرهەمهێنەرانی گوڵ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە نمایشکردنی زیاتر لە 500 جۆر گوڵ، بەشدار بوون، لە پەڕاوێزی پێشانگەکەشدا خولێکی فێرکاری بۆ چۆنییەتیی چاودێریی گوڵ و گیا لە ناو شوقەدا بۆ هاووڵاتیان بەڕێوە چوو.

پیشانگەکە لە هۆڵی زاگرۆسی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کرماشان بۆ پێنج ڕۆژ بەردەوام بووکە 70 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری گوڵ لە 20 پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدار بوون.

ئەمجارە، لە پێشانگەکەدا بایەخێکی تایبەت بە گوڵ و گیای نێو شوقەکان درابوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی نیشتەجێی شوقەکانیش هان بدرێن بایەخێکی زیاتر بە پەروەردەکردنی گوڵ و ڕووەکی جوانکاری بدەن.

دوازدەهەمین پێشانگەی گوڵ و گیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کرماشان - ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دوازدەهەمین پێشانگەی گوڵ و گیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کرماشان - ڕۆژهەڵاتی کوردستان

فەخرەدین شیری گوڵفرۆش دەڵێت: لەم پێشانگە نێودەوڵەتییەدا سەرجەم بەرهەمهێنەرانی گوڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی ئێران بەشدار بوون، کە جیا لە گوڵ و بەرهە ڕووەکییەکانیان، چەندین جۆرە گڵ و پەین و دەرمان و پرۆتینی بەهێزکردنی دار و گوڵ و گیا نمایشکراون.

لەم پێشانگەیەدا زیاتر لە 500 جۆری جیاواز گوڵ و ڕووەک نمایش کرابوون. جیا لەمەش، چەندین جۆر بەرهەمی دیکەی پەیوەندیدار بە گوڵ و ڕووەکەکان وەک گوڵدان، خۆڵی باخچە، پەینی سروشتی و کیمیایی، ئارەق و ئاوی وەرگیراو لە گوڵ و ڕووەکەکان و قڕکەر بۆ لەناوبردنی سن و ئافاتی باخچە و هەموو پێداویستییەکانی دیکەی بەرهەمهێنان و چاوەدێریی گوڵ و گیا خرابوونە بەر دەستی هاووڵاتیان.

خانمێکی دانیشتووی کرماشان بەناوی شیوا کەرەمی دەڵێت: چەندین جۆرە ئاو گوڵ و بەرهەمی دیکەی هەمان جۆرمان هەیە، کە بۆن و بەرامەی تایبەتیان هەیە هەم بۆ بۆنخۆشکردنی جەستە و هێوکەرەوەی دەروونی دەتوانرێت بەکار بهێنرێت.

کرماشان گەورەترین پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە زیاتر لە 237 پارک و باخچەی هەیە و لە ساڵانی ڕابردوودشدا ڕێژەی دروستکردنی شوقە لەم شارە زۆر زیادی کردووە. هەر بۆیە هەموو ڕۆژێ لە ژووری تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی پێشانگە، بۆ ماوەی کاتژمێرێک خولی تایبەتی بەرهەمهێنان و چاوەدێریی گوڵی تایبەتی ناو شوقە بە بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتیان بەڕێوە دەچوو و پێشوازییەکی بەرچاویشی لێ کرا.

مەرکان و بەرمە پەیوەندیدارەکان بە باخچە و گوڵ لە دوازدەهەمین پێشانگەی گوڵ و گیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کرماشان
مەرکان و بەرمە پەیوەندیدارەکان بە باخچە و گوڵ لە دوازدەهەمین پێشانگەی گوڵ و گیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کرماشان