ئیسرائیل پەنابەران دەکاتە سەرباز
ڕۆژنامەی هارتزی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا لە کەرتی غەززە، لە ئەفریقاوە پەنابەر وەردەگرێت لە بەرامبەر پێدانی مافی نیشتەجێبوونیان دەیانکاتە سەرباز.
ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاند "پەنابەران لە ئەفریقاوە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی غەززەدا کردووە کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست کردووە، تا ئێستاش هیچیان مافی نیشتەجێبوون و پەنابەرییان وەرنەگرتووە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر لایەنی ڕەوشتیان لەکاتی دامەزراندندا نەکراوە و بێدەنگ کراون".
بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل کە بە شێوەیەکی نافەرمی قسەیان لەگەڵ ڕۆژنامەکە کردووە، ڕایانگەیاندووە "پڕۆژەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو، لە ژێر ڕێنمایی ڕاوێژکارە یاساییەکانی سوپادا بەردەوامە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی لایەنی ڕەوشتیی دامەزراندنی پەنابەران بکرێت". ڕۆژنامەکە باس لەوەش دەکات، تا ئێستا هیچ کام لەو پەنابەرانە بەشدارییان لە شەڕەکەدا نەکردووە.
ئێستە نزیکەی 30 هەزار پەنابەری ئەفریقی کە زۆربەیان گەنجن، لە ئیسرائیل دا دەژین و نزیکەی سێ هەزار و 500 سوودانیش پێگەی کاتییان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە پێ دراوە، چاوەڕێی بڕیاردانن لەسەر داواکارییەکانیان بۆ نیشتەجێبوون.
ڕۆژنامەکە دەڵێت: بەڵگەی سەلمێنەری دەستکەوتووە کە ئیسرائیل پەنابەرانی ئەفریقایی خەڵەتاندووە بەوەی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان پێ دەدات، لە بەرامبەردا دەبێت بەشداری شەڕەکە بکەن".
لە لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی "ئێل موندۆ"ی ئیسپانیدا دەرکەوتووە کە سوپای ئیسرائیل لەکاتی شەڕی سەر کەرتی غەززە پەنای بۆ بەکرێگیراوانی نەتەوە جیاوازەکان بردووە بۆ ئەوەی لە ڕیزەکانیدا شەڕ بکەن.
ڕۆژنامەکە شایەتحاڵی بەکرێگیراوانی ئیسپانیای هێنایەوە کە لە ڕیزەکانی سوپای ئیسرائیلدا شەڕیان دەکرد، کە باسیان لەوە کردبوو مووچە و کەرەستەی زۆر باشیان بۆ دابین کراوە لە جۆلان.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، سەربازەکان فەرەنسی، ئەڵمانی، ئەلبانی و ئەمەریکین لە هێزی دەریایی یان هێزی تایبەت کە لە عێراق، ئەفغانستان، مالی یان کۆسۆڤۆ خزمەتی سەربازییان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە غەززە، هۆشداری دا لە کارەساتێکی مرۆیی کە ڕووبەڕووی دوو ملیۆن ئاوارەی فەڵەستینی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە دەبێتەوە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان.
لە بەیاننامەیەکدا، نووسینگەی حکومەت لە غەززە، بانگەوازێکی بەپەلەی مرۆیی دەست پێ کرد بۆ ڕزگارکردنی دۆخی ئاوارەکان لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان.
گوتیشی، "بەپێی تیمەکانی هەڵسەنگاندنی مەیدانی حکوومەت لەسەدا 74ـی خیوەتی ئاوارەکان بۆ بەکارهێنان ناگونجێن.
نووسینگەی حکوومەت، ڕاشیگەیاند "لە کۆی 135 هەزار خیوەت 100 هەزار خیوەت هەیە کە پێویستیان بە گۆڕینی دەستبەجێ و بەپەلە هەیە، چونکە دڕاون".