کۆریای باکوور 50 باڵۆن زبڵ و خاشاک بۆ کۆریای باشوور دەنێرێت
سەرۆکئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور یەکشەممە، 15 ئەیلوولی 2024، ڕایگەیاند کە کۆریای باکوور لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 50 باڵۆن زبڵ و خاشاکی ڕەوانەی کۆریای باشوور کردووە.
بەپێی گوتەی یۆنهاپ، ئەم هەنگاوە تەنیا سێ ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە باکوور، لە 11ی ئەیلولدا باڵۆنە هاوشێوەکانی بەرەو باشوور هەڵداوە.
سەرۆکئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریا ڕایگەیاند، نزیکەی 10 باڵۆن لە بەشی باکووری پارێزگای گیۆنگی و سیئۆل کەوتوونەتە خوارەوە، کە زۆربەیان پارچە کاغەز و شووشەی پلاستیکییان تێدا بووە و هیچ کەرەستەیەکی مەترسیداریان تێدا نەدۆزراوەتەوە.
لە کۆتایی مانگی ئایارەوە کۆریای باکوور 19 جار، هەزاران باڵۆنی پڕ لە زبڵی بۆ کۆریای باشوور هەڵداوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو پۆستەرانەی دژە پیۆنگیانگ کە لەلایەن چالاکوانانی باشوورەوە بۆ باکوور نێردراوە.