حەلبووسی بۆ مەبەستێکی سیاسی، دژایەتیی پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکات

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی سەرنجی شیعەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ حزبەکەی یەکلایی بکاتەوە؛ دژایەتیی خۆی بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە دەردەبڕێت.
دژایەتیکردنی کورد، ئەو دروشمەی سیاسییەکانی عێراق بیانەوێت پۆستێک یاخود دەستکەوتێک بەدەست بهێنن پەنای بۆ دەبەن و لەو ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەن پێی بگەن.
محەممەد حەلبووسی دیارترین نموونەی ئەم دیاردەیە لەناو ژینگەی سیاسیی عێراقدا. حەلبووسی کە ماوەی 10 مانگە لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لادراوە و بەهۆی فرەجەمسەری و ناکۆکیی سوننەکانەوە نەتوانراوە کەسێک لەجێگەی دابنرێت، لە نوێترین هەڵوێستیدا دژایەتی خۆی بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە دەردەبڕێت و داوا دەکات چەکی قورس و تۆپهاوێژیان پێ نەدرێت.
محەممەد حەلبووسی دەشڵێت: ڕەنگە ئەو چەکانەی بەهێزە ناوخۆییەکان دەدرێت لە ململانێی نێوخۆیدا بەکار بهێنرێن.
قسەکانی حەلبووسی دژی پێشمەرگە، ڕێگەیەکی نوێیە بۆ ئەوەی ناوبراو دڵی دژە کوردەکان بە دەست بهێنێت و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە 10 مانگە بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێت یەکلایی بکرێتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم کە ڕۆژانە ئەندام پەرلەمانیان لێ هەڵدەوەرێت و درزی زیاتر دەکەوێتە ناو پێکهاتەی سووننە، لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات، سەرۆکی پەرلەمان بۆ حزبەکەی یەکلایی بکاتەوە و دەنگی شیعەکان بۆخۆی بەدەست بهێنێت.
پێشمەرگە لە ماددەی 121ـی دەستووری عێراق وەک هێزێکی فەرمی و پارێزەری دەستوور ناوی هێنراوە، سەرباری ئەم ڕاستییە، محەممەد حەلبووسی دەیەوێت بە ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، وەک هێزێکی کاریگەری لەشەڕی دژی داعش پێگەی خۆی لای لایەنە شیعییەکان بەهێز بکات.
لە کاتێکدا هێشتا سوننەکان لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە نەیانتوانیوە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕێک بکەون، ئەمەش ڕێگەی خۆشکردووە تا شیعەکان بە ئاسانی دەستوەردان لە کاروباریان بکەن و هەژموونی خۆیان بسەپێنن و ئەو یاسایانە تێپەڕێنن کە خۆیان دەیانەوێت.
ململانێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دوای کشانەوەی شەعلان کرەیم لە نێوان سالم عیساوی و مەحموود مەشهەدانی چڕبووەتەوە، بۆ لەزەویدانی ڕکەبەرەکەشیان هەریەک لەم کاندیدانە پەنایان بۆ هێزە شیعەکان بردووە تا تەرازوی هێز بەلای خۆیاندا لاسەنگ بکەن.