عێراق.. ئەمساڵ دەست بەسەر نزیكەی دوو تۆن ماددەى هۆشبەردا گیراوە
لە دوای ساڵی 2003وە، عێراق چووەتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی كە بە شێوەیەكی فراوان ماددەی هۆشبەریان تێدا بڵاوبووتەوە و بە قاچاخ لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكرێت، لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش دۆخەكە بە مەترسیدار ناودەبات و دەڵێت، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەم ساڵدا دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوتایە لەگەڵ ھەموو ئەو بڕەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە.
یاسر ئەسكەندەر، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بە ھاوكاریی وڵاتانی دراوسێ سەركەوتوو بووە لە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەك بۆ ھەڵوەشاندنەوەی تۆڕەكانی بارزگانیی بە ماددەی ھۆشبەر.
گوتیشی: تاوەكو ئێستا چەندین تۆڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ھەڵوەشێندراونەتەوە و دەستیش بەسەر بڕێكی زۆری ماددەی ھۆشبەردا گیراوە، ئاماژەی بەوەش دا، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەم ساڵدا دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوتایە لەگەڵ ھەموو ئەو بڕەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە.
ڕۆژی 12ـی ئەم مانگە لەمیانی سەرکردایەتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، محەممەد شییاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای كرد، هاوپەیمانێتییەکی هەرێمی بۆ ڕووبەڕبوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بەماددەی هۆشبەر دروست بکرێت. دووپاتیشی كردەوە، هاوئاهەنگیی لەنێوان دەزگای هەواڵگریی و وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەیە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو داواکراوانەی کە تۆمەتبارن بە بازرگانیی بەماددەی هۆشبەر.
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، 20 تۆڕى نێودەوڵەتى و 205 تۆڕى نێوخۆیی بازرگانیی بە ماددەى هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە و دەستیش بەسەر نزیكەی دوو تۆن ماددەى هۆشبەردا گیراوە، ھەروەھا زیاتر لە 7 هەزار و 700 تۆمەتباریش دەستگیر کراون.