سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناتۆ: ئۆکرانیا مافی خۆیەتی لە قووڵایی ڕووسیا بدات

سەرۆکی لیژنەی سەربازیی هاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند، ئۆکرانیا مافی یاسایی و سەربازی هەیە بۆ ئەوەی لە قووڵایی خاکی ڕووسیا بدات؛ ئەمەش ڕەنگدانەوەی باوەڕی ژمارەیەک هاوپەیمانی ئەمەریکایە، تەنانەت لە کاتێکدا ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە نییە ڕێگە بدات کیێڤ بە بەکارهێنانی چەکی دروستکراوی ئەمەریکی ئەو کارە بکات.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لە زاری ئەدمیرال ڕۆب پاوەر، لە کۆتایی کۆبوونەوەی ساڵانەی سەربازیی ناتۆ بە ئامادەبوونی جەنەراڵ سی کیو براون، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا گوتی: هەموو وڵاتێک کە هێرشی دەکرێتە سەر، مافی بەرگریکردنی لە خۆی هەیە، هەروەها ئەم مافە لە سنوورەکانی ئەم وڵاتەدا ناوەستێت.
ئاماژەی بەوەش کرد: دەتەوێت ئەو دوژمنە لاواز بکەیت کە هێرش دەکاتە سەرت، نەک تەنها بەرەنگاری ببنەوە، بەڵکو هێرش بکەنە سەری و تەقەیان لێ بکەن. کەواتە لە ڕووی سەربازییەوە هۆکارێکی باش هەیە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەین، بۆ لاوازکردنی دوژمن، بۆ لاوازکردنی هێڵە لۆجستییەکانی، بۆ بڕینی دابینکردنی سووتەمەنی.
پاوەر دەشڵێت: وڵاتان مافی سنووردارکردنی ئەو چەکانەیان هەیە کە دەینێرن بۆ ئۆکرانیا، چونکە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرامبەر بەو چەکانە، بۆیە گفتوگۆی سیاسی لە ئارادایە و زۆرێک لە وڵاتان بۆچوونی جیاواز دەردەبڕن، بەڵام جەنەراڵ کارل ڕێشکا، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی چیک، گوتی: وڵاتەکەی ئەو جۆرە سنووردارکردنە بۆ چەک بەسەر کیێڤدا ناسەپێنێت.
ڕێشکا باسی لەوەش کرد، ئێمە پێمان وایە ئۆکراینییەکان دەبێ خۆیان بڕیار لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو چەکانە بدەن.
ئەم لێدوانەی پاوەر و ڕێشکا لە کاتێکدایە کە بایدن بیر لەوە دەکاتەوە، ئایا ڕێگە بە ئۆکرانیا بدات چەکی دوور مەودا کە لەلایەن ئەمەریکاوە دابین کراوە بۆ لێدانی قووڵایی ڕووسیا، بەکار بهێنێت یان نا؟.
بایدن، ڕۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کیر ستارمەر، کۆبووەوە و ئەو دووانە پاڵپشتییی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپات کردەوە، بەڵام هیچ پلانێکیان بۆ دابینکردنی مووشەکی دوورمەودای ئەمەریکی بۆ کیێڤ ئاشکرا نەکرد و تەنیا گوتیان: ئێمە باس لەوە دەکەین.