سەربەست لەزگین: پارتی هیچ کاتێک ئایینی ئیسلامی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێناوە

سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کاتێک ئایینی ئیسلامی نەکردووەتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و مەبەستی سیاسی خۆی، هاوکات ئاماژەی بەوە دا، گەلی کورد لە هەموو گەلانی دیکە زیاتر شانازی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە دەکات.

یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024 سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد درودی خوای لەسەر بێت، لە دهۆک کرد.

لە ڕێورەسمەکەدا، سەربەست لەزگین گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: هیوادارین یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (دخ) ببێتە مایەی پێکەوەژیانی و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینییەکان.

ئاماژەی بەوە دا، هاتنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام وەچەرخانێکی زۆر مەزن بوو لەنێو مرۆڤایەتییدا، بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزەش خودای گەورە سەروەریی مرۆڤایەتی محەممەدەلمستەفای هەڵبژارد، لە کۆتایدا ئیسلام سەرکەوت و ئێستە لە جیهان زیاتر لە ملیارێک و نیو موسوڵمان هەن.

ناوبراو لەبارەی پارتییەوە، گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کاتێک ئایینی ئیسلامی نەکردووەتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و مەبەستی سیاسی خۆی، هەروەها گەلی کورد لە هەموو گەلانی دیکە زیاتر شانازی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە دەکات.