سەرکار سورچی: ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 28 حاڵەتی توشبوون بە کۆلێرا تۆمار کراون

د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، کە تا بۆیان دەکرێت خواردن لە دەرەوە نەخۆن و هەمیشە پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن. جەختی لەوەش کردەوە، تا ئێستە هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.

د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: نەخۆشی کۆلێرا، نەخۆشییەکی کوشندەی سکچوونییە و هۆکارەکەی بەکتریایە و سەرچاوەکەی خۆراک و ئاوی پیسە، مەترسی زیاتر لەسەر منداڵان، بەساڵاچوواندا هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی، ڕایگەیاند، نەخۆشییەکە زیاتر لە وەزری گەرمادا بڵاو دەبێتەوە، هەروەها پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.

ناوبراو ئاشکرای کرد، لە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ تا ئێستە 28 حاڵەتی کۆلێرا تۆمار کراون، بەڵام خۆشبەختانە کەسیان گیانیان لەدەست نەداوە، هەروەها تا ئێستە لە پارێزگای دهۆک هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە پارێزگای هەولێر 12 حاڵەت و لە سلێمانی 16 حاڵەت تۆمار کراون.

جەختی لەوە کردەوە، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو رێژەی تووشبوون بە کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمی کردووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی تەندروستی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە زۆر بە باشی گەیاندووەتە هاووڵاتییان.

ناوبراو هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: تا بۆتان دەکرێت لە دەرەوە خواردن مەخۆن، ئەگەریش لە دەرەوە خواردنتان خوارد پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەن بزانن خواردنەکە خاوێنە یان ڕێستورانتەکە مۆڵەتی تەندروستیی هەیە یا نا.

لەبارەی سەوزەوە، د. سەرکار سورچی، گوتی: نابێت بە هیچ شێوەیەک سەوزە بە ئاوی پیس ئاو بدرێت، واتا ئاودانی سەوزە بە ئاوێک کە سەرچاوەکەی نەزادراو بێت قەدەغە کراوە، خۆشبەختانە ئەم بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ کراوە و خەڵکیش پابەندی ئەم بڕیارەن بۆیە ڕێژەی تووشبوون بە کۆلێرا زۆر کەم بووەتەوە.