ئارام برادۆستی: سیستەمی هەڵبژاردن هیچ گرفتێکی تێدا نییە

ئارام برادۆستی، پسپۆری هەڵبژاردن
ئارام برادۆستی، پسپۆری هەڵبژاردن

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت، لە قۆناغی یەکەمی ژماردنی دەنگەکان هەر پارتێکی سیاسی یان کاندیدێکی سەربەخۆ دەنگەکانی بگاتە 14 هەزار 186 کەس ئەوا کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان بۆخۆی مسۆگەر دەکات.

ئارام برادۆستی، پسپۆری هەڵبژاردن، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: لەم هەڵبژردانە دوو یاسا بە شێوەکی گشتیی بەکار دەهێنرێت، یەکەم؛ یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چونکە ئەو هەڵبژاردەنەکە بەڕێوە دەبات، دووەم؛ لە ڕووی جێبەجێکردنی پرۆسەکە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکار دەهێنرێت و پشت بە یاسای خۆمان دەبەسترێت.

ئەو پسپۆرەی هەڵبژاردن، دەڵێت: لە ڕابردوو سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی لە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی کورسییەکان بەکار هاتووە، ئەو سیستەمە لە سیستەمی زۆرینە و تێکەڵاو دادپەروەری زیاتری تێدایە، چونکە هەر پارتێکی سیاسی بە پێی دەنگەکانی خۆی ئەگەر بگاتە تێکڕای هەڵبژاردن دەبێتە خاوەنی کورسی لە پەرلەمان، ئەمەش کۆکە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، بە پێی سیستەمەکە دەنگی دروستی هەموو پارتە سیاسییەکان کۆ دەکرێتەوە، هەروەها هی کاندیدە سەربەخۆکانی بە هەمان شێوە کۆ دەکرێتەوە، ژمارەی دەنگەکانی هەر لیستێک و کاندیدێکی سەربەخۆ بەپێی ئەو پارێزگایەی لێیەتی دابەشی ئەو ژمارە کورسییە دەکرێت کە بۆ پارێزگاکە دەست نیشان کراوە.

لەبارەی ژمارەی دەنگ بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە پەرلەمانی کوردستان، ئارام برادۆستی، گوتی: لە قۆناغی یەکەمی ژماردنی دەنگەکان هەر پارتێکی سیاسی یان کاندیدێکی سەربەخۆ دەنگەکانی بگاتە 14 هەزار 186 کەس ئەوە کورسییەک مسۆگەر دەکات لە پەرلەمانی کوردستان.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لە هەولێر هیچ کاندیدێکی سەربەخۆی ئافرەت نییە، هەروەها پێشبینی دەکات کاندیدی پێکهاتەکان بە دەنگێکی کەم کورسی بەدەست بێنن.

سەبارەت بە ژماردنی دەنگەکانیش، ئەو پسپۆرەی هەڵبژاردن، دەڵێت: دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و بە دەست هەژمار دەکرێنەوە.