ناڤسهر نووری: تا ئێستە 129 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە
K24 - هەولێر:
بریكاری وهزارهتی كاروباری شههیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، یونیتاد بە هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستە ڕووفاتی 170 کەسی ڕادەستی کەسوکارەکانیان کردووەتەوە.
د. ناڤسهر نووری، بریكاری وهزارهتی كاروباری شههیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، دەڵێت: کاتێ داعش شنگالی داگیر کرد ژمارەیەکی زۆری تاوانی دژی مرۆڤایەتی لێ ئەنجام دا، دوای ئەوەی پێشمەرگە قەزاکەی ئازاد کرد و لە داعش پاکی کردەوە چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە.
بریكاری وهزارهتی كاروباری شههیدان، ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستە 129 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، یونیتاد بە هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستە ڕووفاتی 170 کەسی ڕادەستی کەسوکارەکانیان کردووەتەوە.
هاوکات دەڵێت: تا ئێستە ڕووفاتی 200 کەسیش ڕادەستی کەسوکارەکانیان نەکراونەتەوە بەهۆی ئەوەی دەبێت پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ بکرێت.
ناوبراو گوتیشی: ژمارەیەکی زۆری گۆڕی بە کۆمەڵ تا ئێستە نەکراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش جارێ ئاشکرا نەکراون و کاریان لەسەر نەکراوە.
تیمی یونیتاد لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوامە و زیاتر لە 61 گێگا بایت زانیاریی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعشی ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.
کریستین ریتچەر، ڕاوێژکاری تایبەتی پێشووی ڕێکخراوی یونیتاد ڕایگەیاند: لە لێکۆڵینەوەکانیان دەرکەوتووە، ئەو تاوانەی داعش لە زیندانی بادووش دژی شیعەکان ئەنجامی دا، گەورەترین کوشتارە لە یەک ڕووداودا ئەنجام درابێت. هاوكات له زۆرشوێنی عێراق تا ئێستا چارهنووسی ههڵدانهوهی گۆڕه به كۆمهڵهكان نادیاره.