ئۆران وێسڵی: هەڵوێستی ترامپ لەسەر ئۆکرانیا باوکمی تووڕە کردووە

کوڕی ئەو تۆمەتبارەی کە هەوڵی کوشتنی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای دا لە فلۆریدا، ڕایگەیاند، باوکی گەشتێکی بۆ ئۆکرانیا کردووە و خۆبەخشانە هاوکارییی مرۆیی پێشکەشی هێزەکانی کیێڤ کردووە.

مێدیاکانی ئەمەریکا وەک ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و فۆکس نیوز ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوی ئەو تۆمەتبارە 'ڕایان وێسلی ڕۆت' ە.

ئۆران، کوڕی ڕۆت، قسەی بۆ مێدیاکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە نەیتوانیوە ئەوکات قسە لەگەڵ باوکی بکات، یان زانیاریی لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە لە باوکی وەربگرێت، بەڵام باوکی بە "هاوسۆز" بۆ پرسی ئۆکرانیا وەسف دەکات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئۆران ڕوونی کردووەتەوە کە هەڵوێستی ترامپ لەبارەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، باوکی تووڕە کردووە.

ترامپ پێشتر جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کردووەتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، ئۆران ڕۆت، ڕایانی بە "باوکێکی خۆشەویست و خەمخۆر" و "پیاوێکی ڕاستگۆ و ماندوو" وەسف کردووە.

ئۆران ئاماژەی بەوەش کردووە، نازانم لە فلۆریدا چی ڕووی داوە، هیوادارم شتەکان زیادەڕەوییان تێدا نەکرێت، چونکە لام وا نییە ئەو پیاوەی دەیناسم بتوانێت شتێکی شێتانە بکات، چ جای کارێکی ئاوها.

یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، مێدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، لەشوێنی مانەوەی دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تەققە کراوە، مێدیاکان دەڵێن: ترامپ سەلامەتە.

مێدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە کە  کەسی تەققەکەر  لەو نزیکانە دەستگیر کراوە.

ڕووداوەکەی 14ـی تەمووزی 2024

لە 14ـی تەمووزی ئەمساڵدا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هێرش کراوەتە سەر دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و بریندار کرا.

لەکاتی وتارەکەی ترامپدا، دەنگی چەند گولـلەیەک بیسترا و بۆ ماوەی چەند چرکەیەک ترەمپ کەوتە سەر زەوی، بە گوێرەی چەند ڤیدیۆیەکیش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ترەمپ تەنها گوێچکەی بریندار بوو.

ئەو هەوڵەی کوشتنی ترەمپ و ڕووداوی تەقەکردنەکە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان، ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەکەن.