دوای 10 مانگ، سوپای ئیسرائیل کوشتنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند

ئەو سێ بارمتەیەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون
ئەو سێ بارمتەیەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون

سوپای ئیسرائیل دانی نا بەوەی کە سێ بارمتەی لە غەززە کوشتووە، ئەمەش 10 مانگ بەر لە ئێستا لە هێرشێکی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕووی داوە، کە پێشتر بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو بارمتانەی ڕەت دەکردەوە.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند "کەس و کاری ڕفێندراوەکان، ڕۆن شێرمان و نیک بێسەر و ئیلیا تۆلێدانۆ، بۆ یەکەم جار بە فەرمی ئاگادارکرانەوە کە کوڕەکانیان لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون" و لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا تەرمەکانیان دۆزرایەوە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپا ئەو لایەنە بووە کە ئەو کارەی کرد و نەیزانیووە کە ئەوان لەگەڵ فەرماندەی فیرقەی باکووری حەماس، ئەحمەد غەندوورن کە لە هێرشەکەدا کوژرا.

سوپای ئیسرائیل لە 14ـی کانوونی یەکەمدا تەرمی ئەو بارمتانەی لە تونێلێکی حەماس لە جەبەلیە دەرهێنا، هەروەها لە نزیک شوێنی تەرمەکان، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر تونێلێک کە غەندووری تێیدا کوژرا.

هەر لەهەمان مانگدا، سوپای ئیسرائیل تۆمەتەکانی حەماسی ڕەت کردەوە لەوەی ئەو سێ بارمتەیەی کوشتبێت و ڕایگەیاندبوو، لە ڕاپۆرتی پزیشکیدا دەرکەوتووە لاشەیان هیچ نیشانەیەکی گوللـەی پێوە نییە.

لەو کاتەدا دایکی بارمتە گیراوەکە، ڕۆن شێرمان، سوپای ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە کوڕەکەی بە هەڵە کوشتووە.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە کە ڕۆن لە ڕاستیدا کوژراوە نەک لەلایەن حەماسەوە تەقەی لێ کرابێت.

بە گوتەی ئەو دایکە، سوپای ئیسرائیل گازی ژەهراوییان خستووەتە ناو تونێلەکەوە، کە بووەتە هۆی مردنی کوڕەکەی و دەشڵێت: "رۆن هەوڵی داوە هەوا هەڵمژێت، بەڵام تەنها ژەهری سوپای ئیسرائیلی هەڵمژیوە".

حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، ڕووبەڕووی تووڕەیی زیاتری نەیارانی بووەتەوە، کە تۆمەتباری دەکەن بەوەی هەوڵی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست نادات کە ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەگەڵ زیندانیانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەدات.

زۆرینەی ئەو بارمتانەی تا ئێستا ئازاد کراون لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا لە کاتی ئاگربەستێکی یەک هەفتەییدا ئازادکراون و لەو کاتەوە هێزەکانی ئیسرائیل توانیویانە تەنها 8 بارمتە بە زیندوویی ڕزگار بکەن.