خاوەنی کۆمپانیای سێنک: سەرۆککوەزیران شۆڕشێکی گەورەی بۆ دابینکردنی ئاو دەست پێ کردووە

عەبدوڵلا گەردی، خاوەنی کۆمپانیایی سێنک
عەبدوڵلا گەردی، خاوەنی کۆمپانیایی سێنک

خاوەنی کۆمپانیایی سێنک ڕایگەیاند، سەرۆککوەزیران شۆڕشێکی گەورەی بۆ دابینکردنی ئاو و نەهێشتنی کەمئاوی لە هەولێر دەست پێ کردووە.

دووشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2024، عەبدوڵلا گەردی، خاوەنی کۆمپانیایی سێنک لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی دووین، بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی سەرۆککوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەو پێیەی کە ئاو سەرچاوەی ژیانە، خۆشبەختی خەڵکی کوردستانە کە سەرۆککوەزیران کە بایەخێکی تایبەت دەدات بە بواری دابین کردنی ئاو و پاراستنی ئاو.

خاوەنی کۆمپانیای سینک دەڵێت: بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە سەرۆککوەزیران بووەتە فریادڕەسی خەڵکی و بە تەواوکردنی بەنداوی گۆمەسپان، پرۆژەکە بووەتە شوێنێکی جوان و قەشەنگ لە ناوچەکە.

هەروەها سوپاسی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەم کە هاوکار بوون لەگەڵمان.

دەشڵێت: ئەوەی سەرۆککوەزیران دەستی پێ کردووە، شۆڕشێکی گەورەیە بۆ دابینکردنی ئاو، کە خەمی کەمئاوی کەم دەکاتەوە لە هەولێر، ئێمە شەرەفمەندین کە سەرۆکی حکوومەت متمانەی پێمان کرد بۆ دروستکردنی ئەم بەنداوەی دووین.

ئاماژەی بەوەش دا، بەنداوی دووین بە هەڵکەوتەکەی ئێستەی شوێنێکی ستراتیجییە لە نزیکترین شوێنی قەڵای دووینە کە بە شێوازی کۆنکرێتی دروست دەکرێت، بڕی 100 ملیۆن سێجا ئاو گل دەداتەوە، ئەوەش سودێکی زۆری بۆ دەڤەرەکە هەیە هەم لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی و بۆ سامانی ماسی و چەندان سودی دیکە.

گوتیشی: ئەمڕۆ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کوردستان پێویستی بەو بەنداوانەیە، بۆ دابین کردنی ئاو هەروەها بۆ گەشتیاریش شوێنێکی گرنگە، چونکە هەڵکەوتەکەی نزیک شوێنەواری قەڵای دێرینی دووینە.

عەبدوڵلا گەردی ڕاشیگەیاند، بە ئەزموونی25 ساڵی کارکردنمان، لە دروستکردنی بەنداو بەتایبەت لە جۆری RCC، کە تاکە بەنداوە لە هەموو سنووری عێراق و کوردستان، بەڵێن دەدەین کە جێگەی متمانە بین، بەشە و ڕۆژ کارکردن، بۆ ئەوەی بە زووترین کات و بە باشترین کوالیتی، پڕۆژەکە تەواو بکەین.

Fly Erbil Advertisment