شوێنەوارە کۆنەکانی سوودان بە نافەرمی لە ئینتەرنێت دەفرۆشرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی 'تایمزی' بەریتانی ئاشکرای کرد، پارچە شوێنەوارەکانی سوودان لە ماڵپەڕی 'ئیبا'ی نمایش کراون بۆ فرۆشتن، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی بەردەوام لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە قاچاخ لەو وڵاتە بردراون.

پارچە شوێنەوارەکان کە بریتین لە 'پەیکەر و دەفرە زێڕینەکان و گۆزە'، پێدەچێت لە مۆزەخانەی نیشتمانی لە خەرتوم تاڵان کرابن، کە دەکەوێتە ناوچەیەک کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرادایە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکی شەڕدا کە تێیدا زیاتر لە 150 هەزار کەس کوژراون، هەزاران کەلوپەلی شوێنەواری کۆن تاڵان کراون.

ڕاپۆرتەکەی تایمز تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ڕێکخراوی یونیسکۆ، نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانەی ئەم دواییە سەبارەت بە ئەگەری تاڵانکردن و لەناوبردنی چەندین مۆزەخانە و دامەزراوە شوێنەوارییەکان لە سوودان، لەنێویاندا مۆزەخانەی نیشتمانی، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەموو هەوڵێک بدات بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی سوودان لە لەناوچوون و بازرگانیکردن بە نایاسایی.

ڕۆژنامەی تایمز ئاماژە بەوەش دەکات، کە تابلۆ و کەرەستەی زێڕین و گۆزە هەندێک جار لە ماڵپەڕی ئیبای وەک کەلوپەلی کۆنی میسری دەخرێنە لیستی تابلۆکانەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لە مۆزەخانەی نیشتمانی سوودان لە خەرتومەوە هاتوون.

مۆزەخانەکەی سوودان دەکەوێتە ناوچەیەکی پایتەختەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرادایە، کە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ سوپای سوودان لە شەردان.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لە ڕۆژنامەی تایمز، ماڵپەڕی ئیبای ژمارەیەک بابەتی سڕییەوە بەڵام بازرگانیکردن بە شوێنەوارە تاڵانکراوەکانی سوودان بەردەوامە.

 

 

Fly Erbil Advertisment