تەقینەوەیەک شاری کیۆڵنی ئەڵمانیای هەژاند

دووشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2024، پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کاتژمێر 5:50خولەکی ئەم بەیانییە، تەقینەوەیەک لە بەردەم یانەیەکی شەوانە لە شەقامێکی ئاپۆڕەی شاری کیۆڵن ڕووی دا.
پۆلیس تا ئێستە هیچ زانیارییەکی دەربارەی ڕووداوەکە نەداوە، بەڵام بەشێکی ناوەندی شارەکەی داخستووە و داواشی لە دانیشتوان کردووە لە شوێنی تەقینەوەکە نزیک نەبنەوە.
لە شەقامی بازنەیی هۆزن زۆلەر کە شەقامێکی سەرەکی ناوەندی شاری کۆڵنە تەقینەوەکە ڕووی داوە. لای خۆیانەوە چەند سەرچاوەیەکی مێدیایی ئەڵمانیا دەڵێن: دیمەنەکانی کامێرای چاودێری پیاوێک نیشان دەدەن، کە جانتایەک لەبەردەم یانە شەوانەییەکەدا جێ دەهێڵێت و دوای ماوەیەکی کورت دەتەقێتەوە.
هەروەها پۆلیسی ئەڵمان ئەو شەقامەی داخستووە، کە ژمارەیەکی زۆر دوکان و ڕێستورانت و یانەی شەوانەی تێدایە و دەکەوێتە نێوان هەردوو مەیدانی ڕیدۆڵفپلاز و فریزنپلاز.
پۆلیسی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە دەستییان بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کردووە. دوا هەواڵ ئەوە دەگەیەنێت کە ئێستە شەقامەکان کراونەتەوە و لە دواین ڕاگەیندراویشدا بەزووترین کات زانیاریی دەربارەی ڕووداوەکە بڵاو دەکەنەوە.