پارێزگایەکی عێراق خۆی بۆ سەرژمێری ئامادە دەکات، پرۆسەکە 60 ڕۆژ دەخایەنێت

سەرژمێری دانیشتوان
سەرژمێری دانیشتوان

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەری سەرژمێریی پارێزگای واست، عادل لەتیف ڕوبەیعی، دوایین وردەکارییەکانی سەرژمێریی دانیشتوانی پارێزگاکەی ئاشکرا کرد و گوتی: فەرمانبەران تابلێتی ئەلیکترۆنیان پێ دراوە بۆ ئاسانکاریی ئەرکەکانیان.

عادل لەتیف ڕوبەیعی، بەڕێوەبەری سەرژمێریی پارێزگای واست بە مێدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "تیمە مەیدانییەکانمان کە لە سەرژمێریی دانیشتوان کاردەکەن، قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانیان دەست پێ کردووە، قۆناغەکە بە ژمارەپێدان لە 1ـ9-2024ەوە دەستی پێ کردووە،  پرۆسەکەش بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە سەرتاسەری پارێزگای واست بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەش کرد "تیمە مەیدانییەکان لە سەرتاسەری پارێزگای واست بڵاوبوونەتەوە، کە بریتین لە 470 بەڕێوەبەری گەڕەک و 785 یاریدەدەری بەڕێوەبەری گەڕەک". دەشڵێت: ناوچەکانی کارکردن بە تابلێتێک دیاری کرابوون کە نەخشەی ئەلیکترۆنی لەسەر بوو و فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ هەموو ئەو کارمەندانەی کە کاردەکەن بەمەبەستی تەواوکردنی سەرژمێرییەکە دابین کراوە".

روبەیعی  جەختی کردەوە "هەموو کارەکان بەپێی ئەو پلانە بەڕێوە دەچن کە ژووری ئۆپەراسیۆنی ناوەند لە وەزارەتی پلاندانان ئامادەی کردووە".

 بڕیارە سەرژمێریی گشتی لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، وەزارەتی پلاندانانیش هەوڵ دەدات پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوە ببات، چونکە کاریگەری لەسەر تەرخانکردنی بوجەی پێویست بۆ هەرپارێزگایەک دەبێت. ئەوەش لە ڕێگەی دیاریکردنی هەر پارێزگایەک چەند دانیشتووی هەیە. بەگوێرەی چاودێران بەسرە نزیکەی چوار ملیۆن و نیو دانیشتووانی هەیە بەڵام بەشی یەک ملیۆن بوجەی بۆ تەرخان دەکرێت.