ژمارەیەک شوێنەواری مێژوویی ئامێدی نۆژەن دەکرێنەوە
بە هاوکاریی لەگەڵ پەیمانگەی سیدەلی فەرەنسی؛ کار لە سەر نۆژەنکردنەوە و پاراستنی ژمارەیەک شوێنەواری مێژوویی ئامێدی دەکرێت.
دووشەممە 16-09-2024، ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک و جیرۆ مویۆ پایین، نوێنەری پەیمانگەی سیدەلی فەرەنسی کۆبوونەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای دهۆک، لە کۆبوونەوەکەدا، کە د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک ئامادەی بوو؛ باس لە گرنگیی پاراستنی شوێنەوارەکانی پارێزگای دهۆک و ناوچەی ئامێدی کرا.
نوێنەری پەیمانگەی سیدەلی فەرەنسی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، باسی لەوە کردووە، هاتوون لێکۆڵینەوە لەسەر شەش شوێنەواری مێژوویی قەزای ئامێدی بکەن و دواجار ڕاپۆرتێک لە بارەی ئەو شوێنەوارانە ئامادە بکەن و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوی بواری پاراستنی شوێنەوارەکان بکەن بۆ ئەوەی لە چاودێریی و پاراستنی ئەو شوێنانە هاوکار بن و ڕێگریی لە ناوچوونیان بگرن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جیرۆ مویۆ پایین، داوای لە پارێزگای دهۆک و لایەن پەیوەندیدارەکان کرد لەم بوارەدا هاوکاریان بن، تا بتوانن پلان و بەرنامەی پەیمانگەکەیان جێ بەجێ بکەن .
جێگری پارێزگاری دهۆکیش بە شاندە فەرەنسییەکەی ڕاگەیاند، بە درێژایی مێژوو، کوردستان بێشکەی مرۆڤایەتی و پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوە و ئایینەکان بووە، بۆیە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بایەخێکی زۆری بە ناوچە شوێنەوارییەکان و پاراستنیان دەدات.
ئەو شوێنانەی بڕیارە نووژەن بکرێنەوە:
- قوتابخانەی قوبەهان: یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئامێدی، مێژووەکەی بۆ ساڵانی 1534 بۆ 1576زایینی دەگەڕێتەوە و بە دیاریکراوی لە سەردەمی میرنشینی بادینان لەلایەن میر حسێنەوە دروست کراوە.
ـ مزگەوتی گەورەی ئامێدی: مێژووی دروستكردنی بۆ ساڵی 573ـی کۆچی دەگەڕێتەوە لە كۆتایی سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمەویییەکان دروست کراوە، منارەی مزگەوتی گەورەی ئامێدی بەرزییەکەی 30ـی مەترە، پانی بنكەكەی سێ مەترە و درێژی دەرگاكەی یەك مەتر و نیوە، لەناو منارەكەدا 103 پەیژە ھەیە كە دەگەنە لووتکەی منارەكە.
منارەکە لە سەردەمی "سوڵتان حسێن" پێش شەش سەدە دروست كراوەتەوە و دووبارە نۆژەنکراوەتەوە.
ڕووبەری مزگەوتی گەورەی ئامێدی 2000 مەتری چوارگۆشەیە، لە حەرەمێكی گەورە پێك دێت كە چەندین قوببەی تیادایە و بە بەرد و قوڕ دروست كراون.
- گـۆڕسـتانی میرهكـان.
- کەنیسەی شوێنەواری مەسیحیەکان لە ئامێدی: بە 365 قادرمەی هەڵکۆڵدراو کە دەکاتە ژمارەی ڕۆژەکانی ساڵ، لە بەرد دروست کراوە.
- گوڕستانی جووەکان
کوڕا سریجێ لە ئامێدی
لە قهزای ئامێدی 57 شوێنی شوێنەواری فەرمی و 300 ناوچهی شوێنەواری دیكهی نافەرمی هەن. هەندێکیان نۆژەن کراونەتەوە وەک، پردی عیسێ دەلال و دهرگای قەڵای ئامێدی و گۆڕستانی كۆنی ئامێدی. هەندێکی دیکەشیان ماون کار لە سەر نۆژەنکرن و پاراستنیان دەکرێت.