هۆڵەندا یاساکانی پەیوەست بە کۆچبەران و وەرگرتنی پەنابەران توند دەکات

کۆچبەران لە کەمپێکی هۆڵەندا (وێنە: ئەرشیف)
کۆچبەران لە کەمپێکی هۆڵەندا (وێنە: ئەرشیف)

دوای ئەو زنجیرە تاوان و توندوتیژییانەی لەسەردەستی پەنابەران لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا لەم ساڵ و پێشووتر ڕوویان دا، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریان داوە پێداچوونە بە بڕیار و یاساکانی وەرگرتنی پەنابەران و داڵدەدانی کۆچبەرانی نایاسایی چڕتر بکەنەوە و ڕێکارەکان توندتر بکەن.

ئەمساڵ، لە دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا و سەرکەوتنی پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوتەکان، هەڵوێستی وڵاتان بەرانبەر بە پرسی پەنابەران و کۆچبەران گۆڕانێکی ڕیشەیی کردووە.

دوای هێرشەکەی شەوی 23 لەسەر 24ی مانگی ڕابردوو، لە کاتی ئاهەنگێڕانی 650 ساڵەی دامەزراندنی شاری سۆلینگن لە باکووری ڕاین وێستفالیای ئەڵمانیا، کە پەنابەرێکی سووریایی بە چەقۆ پەلاماری ئاهەنگێڕانی دا، حکوومەتی هۆڵەندا بە هەمانشێوەی ئەڵمانیا باس لە پێداچوونەوە بە بەرنامەی لە خۆگرتنی کۆچبەران و پێدانی مافی پەنابەرێتی دەکات.

ڕاشیگەیاندووە، یاسای توندتر جێبەجێ دەکات بۆ ڕێگریی لە کۆچی نایاسایی و پێدانی مافی پەنابەرێتی. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هۆڵەندا پلانیان هەیە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا ئەم شێوازانە جێبەجێ بکەن.

بەرنامە نوێیەکەی حکوومەتی هۆڵەندا بریتییە لە توندکردنی یاساکانی کۆکردنەوەی خێزانی پەنابەران، وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوون و مەرجەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە هۆڵەندا.

هەروەها ئاماژەی داوە، دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنەکانی حکوومەت زۆرینەی کێشەکانی وڵاتەکە، پەیوەستە بە پەنابەران و ئەمەش وایکردووە ئەرکێکی قورس لە هەردوو کەرتی تەندروستی و پەروەردەیی بکەوێتە سەر ئەستۆی حکوومەت لە کاتێکدا بەردەوام شەپۆلی کۆچی نایاسایی بەرەو هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەورووپا، بەردەوامە؛ هەربۆیە هۆڵەندا بڕیاری داوە یاساکان هەموار بکاتەوە و لەگەڵ توندکردنی مەرج و ڕێکارەکان، بڕیارە نوێیەکانی پێشکەشی یەکێتیی ئەورووپا بکات بۆ ئەوەی خۆی لە یاسا گشتییەکانی یەکێتیی ئەورووپا تایبەت بە پرسی کۆچبەران و پەنابەران  دوور بخاتەوە و یاسا تایبەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

لەم بارەیەوە، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران داوای لە حکوومەتی هۆڵەندا کردووە پابەند بێت بە یاساکانی کۆچبەران و پەنابەری. ڕاشیگەیاندووە، پاراستنی پەنابەران لە هۆڵەندا تەنیا پابەندبوونێکی یاسایی نییە بەپێی یاسای یەکێتیی ئەورووپا و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو هەنگاوێکە زۆربەی گەلی هۆڵەندا بەرگری لێ دەکەن.

بەگوێرەی مێدیاکانی هۆڵەندا، زیاتر لە 39 هەزار پەنابەر هۆڵەندا چاوەڕێی کۆکردنەوە و بەیەکتر شادبوونەوەی ئەندامانی خێزانەکانەکانیان دەکەن، کە لە %71یان بەڕەچەڵەک سووریاین و ئەوانی دیکەیان پەنابەرانی تورکی، عێراقی و یەمەنین.