نەرمین مەعروف: مووچەی هەموو مانگەکانی مووچەخۆرانی هەرێم گەرەنتی کراوە و دەدرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت، شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دارایی و دیوانی چادێریی فیدراڵ لەماوەی ڕابردوودا تێبینیان هەبووە لەسەر لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: تێبینیەکان دوو لایەنەن، هەروەها بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تێبینیانە و چارەکردنی ئەو کێشانەی کە بووەتە بەربەست لەبەردەم مووچەی مانگی حەوت کە بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتە مووچەی مانگی هەشت، لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕوونکردنەوە دراوە، سەبارەت بەو تێبینیانەی هەبووە، بەشێکی دیکەش پێویستی بە گفتوگۆ و هەنگاوی زیاتر هەیە.

باسی لەوەش کرد، مووچەی مووچەخۆران لە ناو بودجەی ساڵی 2024 دانراوە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ مووچەکان هەموو دەدرێت، گوتیشی: ڕەنگە دوابکەوێت بەهۆی تێبینییەکانەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموو مووچەکان بەتەواوی گرەنتی کراوە لەناو بودجەدا.

سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەشینانی ئەمنی، نەرمین مەعروف، گوتیشی: ئەوە کەوتووەتە سەر ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر ئەو پرسە، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بڕیاری دادگای فیدراڵییە، بۆیە خانەشینانی ئەمنی و پێشمەرگە هێشتا ماوە مووچەکانیان هاوتا بکرێت.

دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بڕیاری داوە لیستی مانگی 8 بنێرێت بۆ بەغدا، بۆیە ڕێکارەکان و وردبینیکردن ڕەنگە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، بۆیە ئەگەر ئەو تێبینیانەی بەغدا لەپێشتر لەسەر لیستی مووچە هەیبووە چارە کرابێت، لە ئایندەیەکی نزیک مووچەی مانگی 8 خەرج دەکرێت.