33 ماڵی گوندی شيرەمەڕ بە وزەی خۆر کارەبایان دابین کردووە

بەشێک لە دانیشتوانى گوندى شیرەمەڕى سەر بە قەزاى خورماڵ لە ڕێگاى دانانى سیستمى سۆلار پەنێڵەوە وزەى کارەبایان دابین کردووە، سیستمەکە بە وزەی خۆر کارەبا بەرهەم دەهێنیت، دانیشتوانی گوندی شیرەمەڕ دەڵێن، خۆیان لە بێکارەباىی ڕزگار کردووە و لەوەتەى کار بەو سیستمە دەکەن، پێویستیان بە هیچ جۆرە مووەلیدەیەکی کارەبا نەماوە .

گوندى شیرەمەڕ سەر بەقەزاى خورماڵە، لەم گوندەدا توانراوە بۆ بەرهەم هێنانى کارەبا، کەڵک لە تیشکى خۆر وەربگیرێت، هێمن مەحموود، دانیشتووی گوندەکە لە نێو ماڵەکەیدا سیستەمى سۆلار پەنێڵی داناوە، بەهۆیەوە ماوەى ساڵێکە، ڕۆژانە، 24 کاتژمێر کارەباى هەیە، ئەو لەگەڵ سێ کەسى دیکەدا، توانیویانە بەخۆبەخشى سیستمەکە بۆ 33 ماڵى دیکەى گوندەکەیان دابنێت.

هێمن مەحمود، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پاترییەکان بە ڕۆژ شەحن دەکرێنەوە و بە درێژایی شەو کارەبای پێویستمان دەدەنێ. ڕۆژانی خۆرەتاو، وەک ئێستە کە هاوینە، سیستەمەکە کێشەی شەحنکردنەوەی نییە. هەرچەند بە تیشکی کەمی خۆر شەحن دەکات، بەڵام بە ڕادەیەکی کەمتر. 

لە سەربانى زۆرینەى ماڵەکانى ئەم گوندە پەنێڵ دانراوە، کە دەتوانێت لە تیشکى خۆر کارەبا بەرهەم بهێنێت، لە کاتى شەحن کردنەوەى زیاتریشیدا دەتوانێت کارەباى زیاتر بدات بە ماڵان، تا پەنێڵەکانیش زۆرتربن وزەى کارەباى زیاتر دابین دەکەن. دانیشتویەکى گوندەکە دەڵێت: لەو کاتەوەى ئەم سیستمەیان داناوە ڕزگاریان بووە لە کارەباى مووەلیدە تایبەتەکان و فشارى سەر کارەباى نیشتیمانیشی کەم کردۆتەوە.

سەرچڵ یونس، دانیشتوویەکی دیکەى شیرەمەڕ دەڵێت: ئەم سۆلار پەنێڵە نرخەکەی لە 700 دۆلارەوە تا 1200 دۆلارە ، ڕۆژانە 24 کاتژمێر کارەبا دابین دەکات.  لەوەش گرنگتر ئەمە دۆستی ژینگەیە، هیچ مەترسیشی نیە بەتایبەتی لە هاویندا پێویستت بەکارەبا هەیە ئەم لە هاویندا تا خۆر گەرم بێت باشتر ئیش دەکات.

لە کۆی 90 ماڵی گوندی شیرەمەڕ 33 ماڵ سیستەمی سۆلارپەنێڵیان داناوە کە ئەم سیستمە لە ڕێگەی تیشکی خۆرەوە دەتوانێت کارەبا بۆ ماڵان دابین بکات، ئێستا لەم گوندە مووەلیدەی ئەهلی کار ناکات، کە ئەوەش جگە لە سوودی زۆری بۆ دابین کردنی کارەبای ماڵان هاوکات توانیویەتی ژینگەی ناوچەکەش بە پاکی بهێڵێتەوە.