وەزارەتی دارایی لە بارەی فۆرمەکانی دابەشکردنی زەویی ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی دارایی: ئەوانەی تۆمەتبارمان دەکەن زانیارییان نییە و ڕاستگۆ نەبوون

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: ئەرشیف)
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: ئەرشیف)

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە بارەی دابەشکردنی فۆرمی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکوومەت ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ پەیوەندییەکیان بە دابەشکردنی فۆرمی زەوییەوە نییە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەبارەت بە دابەشکردنی فۆرمی زەوی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکان، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە دەڵێن وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێگرە لە پێدانی فۆرمی زەوی بەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە".

هەروەها ئاماژەی داوە "وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆرم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆراندا نییە و دوور و نزیک بەشێک نین لەو بابەتە".

ڕاشیگەیاندووە "هەموو ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاری کراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هاتووە "ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگریی لە پێدانی فۆرمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردووە، هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆرمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبوون".

لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەران، هەر لەسەر ئەم بڕیارە، وەزارەتی شارەوانیی لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی بەکارەکانی کردووە بۆ تەرخانکردنی زەوی پێویست لە سنووری شارەوانییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

 هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە نووسراوی ژمارە 509 لە 14ی ئایاری 2024، ڕێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان بڵاوکردەوە.

Fly Erbil Advertisment