ڕزگاربووێکی بەلەمێکی نقووم بوو: تەنها گوێم لە دەنگی کوڕەکەم بوو گوتی باوە

ڕزگاربووێکی بەلەمێکی نقووم بوو لە نۆکەندی ئینگلیز دەڵێت: گوێم لە دەنگی کوڕەکەم بوو گوتی باوە، دوای ئەوە هۆشم هاتەوە من لە نەخۆشخانە و ئەویش تەرمەکەی لە ئاوەکە دۆزرابوویەوە.
عەبدولڵا محەمەد مامی( دیار)، ئەو گەنجەی دەربەندیخان کە دوێنێ لە ئاوی نۆکەندی ئینگلیز خنکا دەڵێت: کامەرانی برام پەیوەندیی کردم کە لەنێو چوپێکی قاچاخچیان لە نۆکەندی ئینگلیز، دیاری کوڕی لەدەستداوە.
دووشەممە 16ـی ئەیلوولی 2024، عەبدولڵا محەمەد مامی دیار کامەران کە خەڵکی دەربەندیخانن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کامەرانی برای دوێنێ شەو پەیوەندیی پێوە کردووە کە خۆی و دیاری کوڕی کە تەمەنی 20 ساڵ بوو، لەنێو ئەو بەلەمە چوپەدا بوونە کە نزیکەی 90 کەسی لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا هەڵگرتبوو، لە نۆکەندی ئینگلیز نقووم بوونە، دیاری کوڕی لەدەستداوە و خۆشی ئێستا کەوتووەتە هۆتێلێکی فەرەنسا.
کامەران محەمەد باوکی دیار پەیوەندی بە هاوڕێیەکی خۆی کردووە و لە قسەکانی ئاماژە بەوە دەکات کە، قاچاخچییەکەی هەوڵیداوە لە فەرەنساوە بیانگوازێتەوە بەریتانیا، نزیکەی 90 کۆچبەری لە بەلەمێکی چوپدا بارکردبوو.
دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لەپڕ 90 کۆچبەرەکە شلەژان و نەمزانی چی ڕوویدا، خۆم و کوڕەکەم کەوتینە بەر دەست و پێی ئەو خەڵکە زۆرە، هەر ئەوەند گوێم لێبوو کوڕەکەم گوتی: باوە، دوای ئەوە هۆشم لەخۆم نەما و نەمزانی چی ڕوویدا، کە هۆشم هاتەوە لە نەخۆشخانە بووم لە فەرەنسا.
دەشڵێت: نەمزانی تەواوی کۆچبەرەکانی لەنێو بەلەمە چوپەکەدا بوون خەڵکی کامە وڵات بوون، دەشڵێت: ئومێد دەکەم بتوانم تەرمی کوڕەکەم بگەڕێنمەوە کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 40 کۆچبەری نێو بەلەمە نقوومبووەکەی نۆکەندی ئینگلیز، لەلایەن پۆلیسی دەریایی فەرەنسا ڕزگارکراون.