ترامپ داوا لە بایدن دەکات پاسەوانی زیاتری بۆ دابین بکات
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا داوای لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستەی ئەمەریکا کرد لە پێناو پاراستنی گیانی پێویستە پاسەوانی زیاتری بۆ دابین بکات.
دۆناڵد ترامپ ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: دوای ئەوەی بۆ دووەمین جارە لە هەوڵی تیرۆر ڕزگارم دەبێت، داوام لە جۆو بایدن کردووە پاسەوانی زیاترم بۆ دابین بکات لە پێناو پاراستنی گیانم.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بایدن پەیوەندی پێوە کردووم تاکو دڵنیا بێت لە سەلامەتیم و منیش پێم گوتووە پێویستم بە کەسانی زیاترە بۆ ئەوەی بمپارێزن لەکاتی بانگەشە و ئەو ئاهەنگانەی تێدا بەشداری دەکەم.
ترامپ هۆی هێرش کردنە سەری و هەوڵی کوشتنی بۆ وتاری جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستەی ئەمەریکا و کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کاندید بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا گەراندەوە.
کاندیدی کۆمارییەکان لە کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند "تۆمەتبارەکە، باوەڕی بە قسەکانی بایدن و هاریس هەبووە و هەر بەو پێیەش مامەڵەی کردووە". ئاماژەی بەوەشکرد "قسەکانی ئەوان بووە هۆی ئەوەی تەقەم لێ بکرێت".
ڕۆژی یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، مێدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، لەشوێنی مانەوەی دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تەققە کراوە، مێدیاکان ڕایانگەیاند، ترامپ سەلامەتە.
مێدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە کە کەسی تەققەکەر لەو نزیکانە دەستگیر کراوە.
ڕووداوەکەی 14ـی تەمووزی 2024
لە 14ـی تەمووزی ئەمساڵدا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هێرش کراوەتە سەر دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و بریندار کرا.
لەکاتی وتارەکەی ترامپدا، دەنگی چەند گولـلەیەک بیسترا و بۆ ماوەی چەند چرکەیەک ترەمپ کەوتە سەر زەوی، بە گوێرەی چەند ڤیدیۆیەکیش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ترەمپ تەنها گوێچکەی بریندار بوو.
ئەو هەوڵەی کوشتنی ترەمپ و ڕووداوی تەقەکردنەکە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان، ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەکەن.