وادەی کارکردنی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق، کۆتایی دێت

لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ وادەی کارەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بەڵگە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی داعش، لە عێراق کۆتایی دێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەفەرمی 17ـی ئەیلوولی دیاری کرد وەک وادەی کۆتایهاتنی کارەکانی یونیتاد.
یونیتاد لەساڵی 2017بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروست کرا، هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، نزیکەی 60 گێگابایت بەڵگەی لەسەر تاوانەکانی داعش ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. لە کاتێکدا هێشتا بەشێک لە قوربانیان دەستی داعش لە عێراق بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت هەندێکیان لە گۆڕی بە کۆمەڵ نێژرابن.
لە ساڵی 2014 ڕێکخراوی داعش هێرشی بۆ سەر زۆر لە ناوچەکانی عێراق دەست پێ کرد، شاری مووسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکەی داگیر کرد، جگە لە کوشتنی دەیان هاووڵاتی هەزاران کەسی دیکەیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران.
دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداریی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستەش 730٫930 کەسیان لە هەرێم نیشتەجێن و زۆربەیان خوشک و برا ئێزدییەکانن، ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەیان لە پێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە.
هەروەها تا ئێستە سێ هەزار و 579 کەس ڕزگار کراون و مانگانە حکوومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات، هەروەها پاڵپشتی دەروونیی کۆمەڵایەتیی ڕزگاربووان کراوە و لە سەنتەری چارەی دەروونی دهۆک گشتیان تۆمار کراون، هەروەها زیاتر لە هەزار و 200 ڕزگاربوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەی دەروونی.