گۆتێرێز:هیچ پاساوێک بۆ کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە نییە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، هیچ شتێک پاساو نییە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیل بەرانبەر دانیشتوانی غەززەی دەکات، کە بە شێوەیەکی بڕوانەکراو ئازاریان دەدات.

 گۆتێرێز دەڵێت، بێگومان هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماس ئیدانە دەکەین، هەروەها بارمتەگرتنیش، کە پێشێلکارییەکی ڕەهایە بۆ یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە هیچ شتێک پاساوێک بۆ ئەو سزا و کۆمەڵکوژییەی گەلی فەڵەستین نییە، بۆ ئەوەش هەمووشمان شایەتحاڵین.

گۆتێرێز لە ساڵی 2017ەوە کە پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەستەوەیە، دەڵێت: بە خەیاڵتدا نایەت، ئازارەکانی غەززە ڕێژەی مردن و وێرانکاری، لە هەموو شتێک کە ڕووی داوە، چەندە.

لای خۆیەوە ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ دوو شەممە، ڕایگەیاند، واشنتۆن بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە بەتایبەت میسر و قەتەر بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارێکی پێداچوونەوە سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە.

میلەر گوتی؛ واشنتۆن هەوڵ دەدات دڵنیا بێت لەوەی ئەو پێشنیازە دەتوانێت پاڵ بە ئیسرائیل و حەماسەوە بنێت بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.