شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: چوار تیرۆریست لە سلێمانی و ئەنبار دەستگیر کران
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق دەستگیرکرانی چوار تیرۆریستی لە سلێمانی و ئەنبار بەهاوکاریی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە "لە چوارچێوەی پاراستنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دەزگای دژە تیرۆر و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، توانیویانە دوو تیرۆریست لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر بکەن".
شانەکە ئاماژەی بەوەش کرد "لەبەردەوامیی هەڵمەت و پشکنینەکانی دەزگای دژە تیرۆر شەش بۆمبی چێندراویان تەقاندەوە لەگەڵ دوو پشتێنی تەقەمەنی هەروەها لە پارێزگای ئەنباریش دوو تیرۆریست دەستگیر کران".
جەختیشی کردەوە "دەزگای دژە تیرۆر بەردەوامە لە ئەرکە تایبەتەکانیان لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقدا".