به فەرمانی مەسرور بارزانی، كێشەی زەویی سندووقی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چارە دەكرێت

به فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەی زەویی سندووقی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چارە دەكرێت، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكوەزیران، نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات كاری پێویست بکەن.
سێشەممە، 17ـی ئهيلوولى 2024 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، فەرمانی كرد بە چارەكردنی كێشەیەكی لەمێژینەی زەویی سندووقی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، ئەو زەوییانەی دەكەونە نێوان دوو خانوو و یان سێ خانوو و بە زەویی "سندووقی" ناسراون".
وەزیری شارەوانی دەشڵێت: دوای فەرمانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، نووسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كردووە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و دەست بە ڕێكارەكانی چارەكردنی ئەو گرفتە لەمێژینەیە بكرێت و بەپێی ژماردن و سەرژمێریكردنی ئەو حاڵەتانەی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیاندا هەن، بە گوێرەی بەڵگەنامەی فەرمی كاری پێویست بکەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەو بڕیارەی حكوومەت سوودمەند بن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە چارەكردنی ئەو گرفتەش كە خەڵكێكی زۆر لێی سوودمەند دەبن، ڕایگەیاند: ئەوە كێشەیەكی كۆن بوو، لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، هاووڵاتییان داوای چارەكردنی ئەو گرفتەیان دەكرد و دوای ئەوەی لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە، سەرۆكوەزیران لەو كێشەیە ئاگهدار كرایەوە، سەرۆكی حكوومەت دهستبهجێ فەرمانی كرد بە چارەكردنی كێشەكە و ئێستەش دەست بە ڕێكارەكانی چارەكردنی ئەو كێشە لەمێژینەیەی هاووڵاتییانی گەرمیان كراوە.