مەسرور بارزانی: پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن پێویستی بە بایەخ و وەبەرهێنانی زیاترە

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە شارۆچکەی خەبات لە هەولێر خۆشحاڵی خۆیی دەربڕی و ڕایگەیاند، زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم دەڤەرەم بۆ ڕاگەیاندنی دانانی بەردی بناخەی 15 قوتابخانە لە چەندین شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر لەگەڵتانین.

گوتیشی: ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوو، وێڕای هەموو كێشە و قەیرانەكان، هەمیشە بەپێی توانا بایەخمان بە كەرتی پەروەردە داوە، لە سەختترین دۆخدا و لە سەردەمی پەتای كۆرۆنادا، ڕێگەمان نەدا پرۆسەی خوێندن بوەستێت و خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی بە ڕادەیەكی باش بەردەوام بوو. بەڵام بێگومان پێشخستنی كەرتی پەروەردە و ئاستی خوێندن پێویستیی بە بایەخی زیاتر و وەبەرهێنانی زیاترە. چونكە وەبەرهێنان لەسەر توانا مرۆڤییەكان و نەوەی داهاتوو، گەورەترین و سوودبەخشترین وەبەرهێنانە.

هەر لە گوتارەکەیدا، سەرۆک وەزیران گوتی: بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەكانمان لە كەشێكی گونجاودا بخوێنن، پێویستیمان بە قوتابخانەی زیاتر و پێداویستیی زیاتری خوێندن هەیە. پێویستە قوتابخانەكانیش بگەیەنرێن بە ئاستێكی ستاندارد. بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی بارودۆخی كوردستان و نەبوونی پلانێكی تۆكمە و ئەو هەموو فشارانەی كە لەسەر كوردستان بوون، ژێرخانێكی باش بۆ كەرتی پەروەردە دانەنراوە. بۆیە كارێكی زۆرمان لەپێشە بۆ ئەوەی ئەم كەرتە گرنگە پێش بخەین.

هەروا ئاماژەی دا "لە چوار ساڵی ڕابردوودا ،چ وەزارەتی پەروەردە خۆی، چ بە هاوكاریی كەرتی تایبەت، توانراوە دەیان قوتابخانە بنیاد بنرێن و بە هەزاران قوتابخانەش نۆژەن بكرێنەوە. ئەوەی بیستم لە بەڕێز وەزیری پەروەردە كە 194 قوتابخانە تا كۆتایی ئەمساڵ دروست دەكرێن و 1670 قوتابخانەش نۆژەن دەكرێنەوە. ئەم 15 قوتابخانەی كە ئەمڕۆش بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بە هاوكاریی كەرتی تایبەتە. ماوەیەك پێش ئێستا لە مەراسیمێكدا ڕێزمان لەو كەسانە نا كە بەشدار بوونە لە دروستكردنی قوتابخانە بۆ كەرتی گشتیی پەروەردە، لێرەشدا جارێكی دیكە جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانینمان ئاراستەیان بكەین".

گوتیشی: لێرەدا دەمەوێ ڕایبگەیەنم كە دەڤەری خەباتیش شایستەی خزمەتی زیاترە، بەرنامە و پلان و پرۆژەمان بۆ ئەم دەڤەرە هەیە و ئەمڕۆش هەڵبژاردنی ئەم دەڤەرە بۆ دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەكان، ئاماژەیەكە بۆ گرنگیی ئەم ناوچەیە.

هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژ کرد و گوتی: پێش كەمتر لە مانگێك، ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك لە مامۆستایانی وانەبێژ دانیشتین و گوێم لە داواكارییەكانیان بوو، ئەو وەختەش بڵاومان كردەوە كە ئەوانە بە گرێبەست دادەمەزرێن و من هەر ئەو وەختە بەڵێنم دا و داوام لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت، وەزارەتی پەروەردە و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە ڕێكارەكان بگرنە بەر بۆ ئەوەی كەمتر لە مانگێك، بابەتی بە گرێبەستبوونیان كۆتایی بێت. من خۆشحاڵم كە بیستم كەمتر لە مانگێك ئەو بەڵێنەمان بەدیهێنا و هیوادارم ئەو مامۆستا بەڕێزانە بتوانن لەمەدودوا وەكوو مامۆستای گرێبەست، درێژە بە ئەركی پیرۆزی خۆیان بدەن.

هەروا سوپاسی مامۆستایانی کرد و ئاماژەی دا، من جارێكی تر سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە پشوویان درێژ بووە لەگەڵ ئێمە، سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و ناخۆشیی ژیان كە تووشیان بووە، بەردەوام بوون لە فێركردنی قوتابییە خۆشەویستەكانی ئێمە، من تەمەنای سەركەوتنیان بۆ دەكەم.

هەروەها دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی بە دەستکەوتی خەڵکی کوردستان ناوبرد و گوتی: هەرچەندە ئەمە دەستكەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەمە دەستكەوتی هەموو خەڵكی كوردستانە، بەڵام بینیمان زۆرجار هەوڵی ئەوەش درا كە ڕای گشتیی چەواشە بكرێت و بە لاڕێدا ببرێت و وا بكەن كە ئەم دەستكەوتانە نادیدە بگرن یانیش وا بكەن كە لایەنی تری پێ بەرپرسیار بزانن. ئێمە گوێ نادەینە ئەو قسانە، ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە ئەوەیە خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین و بەردەوامیش دەبین، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە بەبێ گوێدان بە هیچ قسەی ئەملا و ئەولا، ئێمە هەر ئینشائەڵا لەسەر ئەم ڕێچكەیە بەردەوام دەبین.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا جارێكی دیكە دەستخۆشی لە هەموو ئەو وەبەرهێنەرانە کرد کە بەشداربوون لە دروستکردنی قوتابخانەکان و گوتی: جارێكی دیكەش من دەستخۆشیی لە هەموو ئەو وەبەرهێنەرە بەڕێزانە دەكەم كە لەم پرۆژە گرنگەدا هاوكار و بەشدار بوون، هیوادارم نموونەیان زۆر بێت. جارێكی دیكەش سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، ئێوە هەر شاد و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.