پیسبوونی هەوای بەسرە بووەتە مۆتەکەی گیانی هاووڵاتیان
خەڵکی پارێزگای بەسرە کە بە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراق دادەنرێت، لەژێر کاریگەری پیسبوونی ژینگەدا دەژین، کە بۆتە مەترسییەکی ڕۆژانە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست کردووە.
هاووڵاتیەک بەنازناوی "دایکی عەلی"، کە لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک دامەزراوە نەوتییەکان دەژی و ڕووبەڕووی ئەم دۆخە مەترسیدارە دەبێتەوە، بە مێدیاکانی گوت: کوڕی خوشکم و کەسوکارە نزیکەکانم لە ئەنجامی ئەو پیسبوونەدا گیانیان سپاردووە، واتە ئێمە لێرە دانیشتین و سەبر دەگرین، بۆ کوێ بچین؟ منداڵەکانمان توشی هەموو جۆرە نەخۆشیەک بوون.
دەردانی گازی ژەهراوی لە ئەنجامی چالاکییە پیشەسازی و نەوتییەکانی بەسرە بە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگە ژینگەییەکان دادەنرێت کە ڕووبەڕووی پارێزگای بەسرە دەبێتەوە.
شارەکە پڕە لە پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکان کە بڕێکی زۆر گازی پیسکەر دەردەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی کەشوهەوا و خراپتربوونی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا.
دایکی عەلی، وەک دانیشتوانی دیکەی ناوچەکانی نزیک بیرە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، ڕووبەڕووی ئەو تارماییەی پیسبوونی ژینگە دەبێتەوە کە بەسەر بەرگەهەوای شارەکەدا ڕایەڵ بووە.
دایکی عەلی، ئاماژەی بەوەش کردووە "لە خێزانەکەماندا منداڵێکی دوو مانگان هەبوو کە بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە باوەشی دایکیدا خنکا و گیانی سپارد".
ئەم دیمەنە بە ئازارە ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی هەزاران خێزانە کە لە ژینگەیەکی ناتەندروستدا شەڕی مانەوە لە ژیان دەکەن.
ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای بەسرە دوو ملیۆن و 400 هەزار کەسە، بەهۆی دەردانی گازی ژەهراوی و پیسکەرەوە لەکاتی دەرهێنانی نەوتدا، کەشوهەواکەی زۆر پیس بووە.
ماڵپەڕی کەشوهەوا و ژینگە "accuweather" کوالیتیی هەوای بەسرە بە "خراپ" وەسف دەکات، و باس لەوە دەکات کە "ئاستی پیسبوونی هەوا بەرزبووەتەوە و ناتەندروست بووە بۆ ئەوانەی هەستیارییان هەیە، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی هەست خورانی قورگیان دەکەن یان نەفەسیان تەنگە، پێویستە کەمتر بچنە دەرەوە".
هەروەها بەڕێوبەری گشتیی ژینگە لە ناوجەی باشوور، وەلید موسەوی، ڕایگەیاند "ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی هەن بەدەست نەخۆشی شێرپەنجەیی جیاوازەوە گرفتارن".
ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەی زانستیمان هەیە لەسەر پەیوەندی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان بە پیسکەرەکانی بڵاوبونەوەی هەوا و ئاو و خاک و بەروبوومەکان.
ئەم پیسکەرانە بریتین لە ماددە کیمیاییەکان کە لە ئەنجامی چالاکیی پیشەسازی و نەوتەوە دروست دەبن، کە دەچنە ناو خاک و هەوا و تەنانەت ئاویشەوە.