بە ڤیدیۆ؛ دوو کاندیدی یەکێتی لەنێو مزگەوتێکدا بانگەشەی پێشوەختە دەکەن

دوو کاندیدی یەکێتی لەنێو مزگەوتێکدا بانگەشەی پێشوەختە دەکەن
دوو کاندیدی یەکێتی لەنێو مزگەوتێکدا بانگەشەی پێشوەختە دەکەن

پێچەوانەی ڕێسا و یاساکانی کۆمیسیۆن، دوو کاندیدی یەکێتی لەنێو مزگەوتێکی ناحییەی ئاشتی سەر بە قەزای کۆیە، بانگەشەی پێشوەختەیان کرد.

بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە بۆ دیجیتاڵ مێدیای کوردستان24 نێردراوە، دوو کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەنێو مزگەوتێکی ناحیەی ئاشتی، لە قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر؛ بانگەشەی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

وەکوو ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت، هەردوو کاندیدەکەی یەکێتی دەیان ئافرەتیان لەنێو مزگەوتەکەدا کۆ کردووەتەوە و باسی پلان و بەرنامەی داهاتوویانیان بۆ دەکەن، ئەگەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سەرکەوتن.

 

 

ئەم بانگشەی هەردوو کاندیدەکەی یەکێتی، لە چەند ڕوویەکەوە نایاساییە؛ بەو پێیەی تاوەکوو ئێستا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێ نەکردووە و بە گوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، هەر کاندیدێک بانگەشەی پێشوەختە بکات، سزا دەدرێت.

بانگەشەکەی هەردوو کاندیدەکەی یەکێتی لە ڕوویەکی دیکەشەوە نایاساییە، چونکە هەر بە گوێرەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نابێت بە هیچ شێوەیەک؛ مزگەوت، قوتابخانە و دامەزراوە حکوومەتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێن؛ کەچی ئەو دوو کاندیدە پێچەوانەی ڕێنماییەکان مزگەوتیان بۆ بانگەشە بەکار هێناوە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەوبارەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لێژنەی تایبەت بۆ چاودێری و بەدواداچوون پێک هێنراوە، بە دڵنیاییەوە چاودێریی هەموو قۆناغ و کارەکان دەکات و لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک سزا بەسەر لایەنی پێشێلکار دەسەپێنێت".

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش دا "بۆ سکاڵا و تانەدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆن پشت بە ماددەی (10/8) دەبەستێت لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە (31 ساڵی 2019) لەگەڵ یاسای هەموارکراوی ژمارە (1 ساڵی 1992) هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سزاکان دیاری کراون".

بە گوێرەی ماددەی پێنج، کاندید یان پارت و هاوپەیمانی سیاسیی بەرپرسیارە لە هەر پێشێلکارییەک تووشی بێت یان ئەندامانی لیستەکان یان نوێنەرەکانیان لە بنکەکان بیکەن، سزاکانیش بەم شێوەیە دیاری کراون:

1- سزای ماددی (پێبژاردن)

2- هەڵوەشاندنەوەی کاندید، یان لیستی پارت و هاوپەیمانی سیاسی.

3- هەڵوەشاندنەوە متمانەی نوێنەری ڕاسپێردراو، یان بریکاری کاندید یان پارت و هاوپەیمانی سیاسی.

4- هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەسندکردنی ڕێکخراوی چاودێری یان هەڵوەشاندنەوەی متمانەی ئەندامی سەرپێچیکار لە هەڵبژاردن.

5- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کاندیدی کەسی یان حزب یان هاوپەیمانی سیاسی.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گویرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.