ساسان عەونی: لە ماوەیەکی نزیکدا هەولێر بە یەکجاریی گرفتی کەمئاوی نامێنێت
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە ماوەیەکی کەمدا گرفتی کەمئاوی هەولێر نامێنێت.
سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە، بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "پرۆژەی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، لەلایەن کۆمپانیای دەستنیشان کراو جێبەجێ دەکرێت".
وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار گوتی: بایەخدان بە ئاو و سامانی ئاو لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ خەڵکی کوردستان شایەتی خەمخۆریی سەرۆک وەزیران بووین، کە چۆن هەموو ئاستەنگ و ڕووبەڕووی قەیرانە داراییەکان هەرێمی کوردستان دەبوەوە.
گوتیشی: ساڵانە بڕی 160 ملیار دینار خەرجی ڕاستەوخۆ و 340 ملیار دینار خەرجی ناڕاستەوخۆ، بۆ دابینکردنی ئاوی پاکی هاووڵاتییان خەرج کراوە.
دەشڵێت: کاتێک گرفتی کەمئاوی دروست بوو، سەرۆکوەزیران بە دیدگەیەکی ستراتیجی و چارەکردنێکی یەکلاکەرەوە، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستە بەردی بناغەی گەورەترین و ستراتیجی ترین پرۆژەی ئاوی لە هەولێر دانا، بەتەواو بوونی ئەو پرۆژەیە هەولێر تا ساڵانێکی درێژ، سەرباری فراوانبوونی، گرفتی کەمئاوی نامێنێت.
باسی لەوەش کرد، خەمخۆریی سەرۆک وەزیران چەمچەماڵیشی گرتەوە، لەماوەی ساڵانێکی زۆر چەمچەماڵ گرفتی کەمئاوی هەبوو، بۆیە سەرۆک وەزیران بڕیاری دا ئەو گرفتە چارە بکرێت، ئیستە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ لە جێبەجێ کردندایە.
ساسان عەونی ڕاشیگەیاند "پرۆژەکەی ئەمڕۆ هاوشێوەی ئەو پرۆژانەی دیکەیە و تەواوکەری هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتە بەیەکجاری گرفتی کەمئاوی لە پایتەختی کوردستان و دەوروبەری ناهێڵێت".