سوودانی: پێویستمان بە هێزەکانی ئەمەریکا نییە

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، چیتر پێویستیان بە بوونی هێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق نەماوە، چونکە سەرکەوتوو بوون لە شکستپێهێنانی داعش، هەروەها بەنیازیشە بەم نزیکانە خشتەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕابگەیەنێت.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە کەناڵی بلومبێرگی ئەمەریکی گوت: چیتر پاساومان ناوێت، پێویستمان بە بوونی هێزی هاوپەیمانان نییە.

سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە شەڕەوە بەرەو سەقامگیری ڕۆیشتوین، چیتر داعش لە عێراق مەترسی نییە.

هاوکات نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریکا لە عێراقن، ئەوانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش هاتوونەتە عێراق.

بوونی سەربازانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە لە عێراق لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارە، کە زۆرێک لە خەڵکی سڤیل و سیاسەتمەدارەکان دەیانەوێت بڕۆن.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە نوێنەرانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕی و گوتیان: ئەمە ڕەنگە ڕێگە بدات بە داعش ڕیزەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە یان کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوخۆی عێراقدا زیاتر بێت.

سوودانی گوتیشی: لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا لە واشنتۆن لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە، هەروەها هەردوو وڵات سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق گەیشتوونەتە لێکگەیشتن.

 

Fly Erbil Advertisment