شاخەوان عەبدوڵڵا: هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدان لە بەرژەوەندیی کەسوکاری شەهیدانی ناوچە کوردستانییەکانە
K24 – هەولێر:
پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر یاسای هەمواری یەکەمی دامەزراوەی شەهیدان دا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: کەسوکاری شەهیدانی ناوچە کوردستانییەکان لە هەمواری یاساکە سوودمەند دەبن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ درا لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان، لە یاساکەی پێشوودا شەهیدانی شەڕی داعش کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکان بوون هیچ ئیمتیازێکیان نەبوو، ئێمە ئەمڕۆ دوو بڕگەمان بۆ یاساکە داخیل کرد، هەردوو بڕگەکە دەنگی لەسەر درا و پەسەند کرا.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانن سەرجەم ئیمتیازەکان دەیانگرێتەوە.
هاوکات گوتی: کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش لە کرێ خوێندنیش داشکاندنیان بۆ دەکرێت و مووچە شەهیدانەشیان بۆ زیاد دەکرێت.
لەبارەی پرسی گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان، شاخەوان عەبدوڵڵا، دەڵێت: فراکسیۆنە شیعییەکان لەگەڵ ئەوەبوون ئەو پرۆژەیە چۆن لە حکوومەت هاتووە ئاواش تێپەڕێندرێت، بەڵام سووننەکان لەگەڵیدا نەبوون.
ناوبراو ڕوونیکردەوە، دەستکاری پرۆژەکەیان کرد بە شێوەیەک کە هیچ کێشەیەک لەسەر زەوی جووتیاران نەمێنێت. گوتیشی: ئەم شەو کاتژمێر 9 لەسەر پرسەکە لەگەڵ فراکسیۆنە شیعی و سوننییەکانی پەرلەمانی عێراق کۆ دەبینەوە.