دیندار زێباری: کار لەسەر بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان دەکەین

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌ له‌ داهاتوودا دان به‌ تاوانه‌كانی داعشدا بنرێت له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كوو تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و پرۆسه‌ی جینۆساید.

سێشه‌ممه‌، 17ـی ئه‌یلوولی 2024، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد) له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا له‌ عێراق له‌گه‌ڵیاندا هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بووه‌ و چه‌ندان زانیارییان به‌ به‌ڵگه‌وه‌ له‌ باره‌ی تاوانه‌كانی داعش ئاڵوگۆڕ و تاوتوێ كردووه‌.

دیندار زێباری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی تاوانه‌كانی داعش، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی، هه‌ماهه‌نگیی جیددییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق هه‌یه‌.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وه‌ی داعش به‌رانبه‌ر به‌ ئێزدییه‌كان كردی، ته‌نیا ڕووداوێكی تیرۆریستی نه‌بووه‌، به‌ڵكوو جینۆساید بوو.

لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، 17ـی ئه‌یلوولی 2024، وادەی کارەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بەڵگە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەردەمی داعش، لە عێراق کۆتایی دێت.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بەفەرمی 17ـی ئەیلوولی دیاری کرد وەک وادەی کۆتایهاتنی کارەکانی یونیتاد.

یونیتاد لەساڵی 2017بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروست کرا، هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، نزیکەی 60 گێگابایت بەڵگەی لەسەر تاوانەکانی داعش ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. لە کاتێکدا هێشتا بەشێک لە قوربانیان دەستی داعش لە عێراق بێسەروشوێنن و گومان دەکرێت هەندێکیان لە گۆڕی بە کۆمەڵ نێژرابن.

لە ساڵی 2014 ڕێکخراوی داعش هێرشی بۆ سەر زۆر لە ناوچەکانی عێراق دەست پێ کرد، شاری مووسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکەی داگیر کرد، جگە لە کوشتنی دەیان هاووڵاتی هەزاران کەسی دیکەیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران.

دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداریی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستەش 730٫930 کەسیان لە هەرێم نیشتەجێن و زۆربەیان خوشک و برا ئێزدییەکانن، ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەیان لە پێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە.

هەروەها تا ئێستە سێ هەزار و 579 کەس ڕزگار کراون و مانگانە حکوومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات، هەروەها پاڵپشتی دەروونیی کۆمەڵایەتیی ڕزگاربووان کراوە و لە سەنتەری چارەی دەروونی دهۆک گشتیان تۆمار کراون، هەروەها زیاتر لە هەزار و 200 ڕزگاربوو لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەی دەروونی