ئەوقافی هەولێر چارەنووسی بێسەروشوێنبوونی دوو حاجی کورد ئاشکرا دەکات

ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە سعوودییە (وێنە: AP)
ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە سعوودییە (وێنە: AP)

K24 – هەولێر:

بەرێوبەری ئەوقافی هەولێر، ڕایگەیاند، دوو حاجی كوردی خەڵکی هەولێر کە‌ به‌ ڤیزای ساڵی گه‌شتیی سعوودیه‌یان كردبوو، دوای ده‌ستگیركردنیان ئەمڕۆ ئازاد كران.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024 نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، ئاشکرای کرد، دوو حاجی کوردی خەڵکی ھەولێر، بەناوەکانی دیدار شەمسەدین حوسێن و ھاوار فازڵ سەعید، بە ڤیزای ساڵی گەشتی سعوودیەیان کردبوو لە ڕۆژی عەرەفە دەستگیر کرابوون و چارەنووسیان نادیار بوو. ناوبراو گوتی: دوای هەوڵێکی زۆر ئەمڕۆ هەردووکیان ئازاد کران.

پێشتریش نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی ئەم ساڵ بەشێک هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافیان جێبەجی نەکرد و بە ڤیزای ساڵی گەشتیان بۆ سعوودییە کرد بەداخەوە هەر ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە حاجییان و بێسەروشوێنبوونی چەندانی دیکە.

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر، باسی لەوە کردبوو، ئەو هاووڵاتییانەی کە بەبێ سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقاف هاتبوونە سعودییە واتە بە ڤیزایی ساڵی هاتبوون تووشی کێشەی زۆر بوونەوە چونکە کەس نەبوو ئیدارەیان بکات، گەشتکردن بۆ سعودییە بەو ڤیزایە زۆر مەترسیدارە و ساڵی داهاتووش مەترسیدارتر دەبێت.