عیرفان کەرکووکی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە داکۆکیکاری مافی تورکمانەکان بووە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، ئاماژە بەوە دەکات، پێکهاتەی تورکمان لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە هەموو کایە سیاسییەکان ڕۆڵی هەبێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە داکۆکی لە مافی تورکمانەکان کردووە.
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: لە کوردستان سەرجەم مافەکانی تورکمان فەراهام کراوە، نوێنەرایەتییان لە حکوومەت هەیە، هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵات و جیهان بووەتە نموونەیەک بۆ پێکەوەژیان.
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، ئاماژەی بەوە دا، پێکهاتەی تورکمان لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە هەموو کایە سیاسییەکان ڕۆڵی هەبێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە داکۆکی لە مافی تورکمانەکان کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی پاڵپشتی لە مافی تورکمان کردووە و هەروەها پێداگربوو لەوەی لە دەستووری عێراق لە ساڵی 2003 مافی تورکمان بچەسپێت، "ئێمەی تورکمانیش ئەو هەوڵەی سەرۆک بارزانی هەرگیز لەبیر ناکەین."
جەختی لەوە کردەوە، لە دوای ساڵی 2003 تا ئەمڕۆ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق مافی پێکهاتەی تورکمانیان پێشێڵ کردووە و هیچ پلە و پۆستێکیان بە تورکمان نەداوە.