موسەننا سامەڕائی بۆ کوردستان24: کێشەمان لەگەڵ پرچەکردنی پێشمەرگە نییە
سامەڕائی: هیواخوازین هەموو هێزە فەرمییەکان پشتیوانی بکرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نیشتمان بکەن
موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە پەرلەمانی عێراق لە وەڵامی کوردستان24 گوتی: کێشەمان لەگەڵ پرچەکردنی پێشمەرگە نییە. ڕاشیەگەیاند، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و هێزەکەشی هێزێکی فەرمییە، هەربۆیە یەک دید و تێڕوانینیان بۆ هەموو ئەو هێزانەی لەژێر چەتری فەرماندەیی هێزە چەکدارەکاندان.
سامەڕائی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تەلاری پەرلەمانی عێراق گوتی: کێشەمان لەگەڵ پڕچەککردنی هیچ هێزێک نییە، ئەگەر لە چوارچێوەی یاسادا بێت، تەنانەت بە پێشمەرگەشەوە کە پەیڕەوی یاسا و دەستووری عێراق دەکەن، هەربۆیە هیواخوازین هەموو هێزە فەرمییەکان پشتیوانی بکرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نیشتمان بکەن، ئێمەش وەک سوننە پشتیوانی لە دامەزراوە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگری و هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین، کە بە گوێرەی یاسا دەگەڕێنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم لە پەرلەمانی عێراق وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ قسەکانی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە دژی هێزی پێشمەرگە و پڕچەککردنی بوو لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراق.
پێشووتریش ڕەعد دەهلەکی، پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لە پارێزگای دیالە ڕایگەیاندبوو، هێزی پێشمەرگە بە دەقی دەستوور هێزێکی ئەمنی عێراقییە و پشتیوانی سوپای عێراقە، بە کرداریش سەلماندوویەتی کە پەرۆشە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق گەلەکەی بە هەموو پێکهاتە جیاوازییەکان.
دەهلەکی ڕاشیگەیاند بوو، هێزی پێشمەرگە بەشدارییان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد و چەندان شەهیدیان دا و موزایەدە بەسەر لایەنگیرییان بۆ وڵات، مەکەن.
هەر لە وەڵامی قسەکانی حەلبووسی، خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی"پێشمەرگە هێزێکی ڕێکخراوە و لە سەردەمێکی پێویستدا بۆ بەرگریی لە ژیانێکی شکۆمەندانە و خاکی کوردستان هاتووەتە کایەوە و پێشمەرگە هێمای ئاسایش، سەقامگیریی و ئاشتییە".