هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی قێزەون لە بەرپرسانی زیقار دەکرێت

تۆڕێکی دەستدرێژیکاری ئەلیکترۆنی هەڕەشە لە بەرپرسانی سنووری پارێزگای زیقار دەکەن و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی قێزەونیان لێ دەکەن، پارێزگاری زیقاریش سکاڵای لەسەر دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکە تۆمارکردووە، کە تۆمەتەکەیان فرۆشتنی ڤیدیۆی تایبەتە بە تۆڕەکانی دەستدرێژیکار.

تۆڕەکانی دەستدرێژی ئەلیکترۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیییەکان دەبنە هەڕەشە لە بەرپرسانی سنووری  پارێزگای زیقار و بەهای دەستکەوتی هەڕەشەکانیش زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە ، لەسەر ئەم پرسە چەند بەرپرسێک کە تیوەگلاون دەستگیرکراون و نێوەندگیرییەکانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە لە بەغدا بەردەوامن

دیارترین پێشهات  بنەما لەسەر سکاڵایەکی مورتەزا ئیبراهیمی پارێزگاری زیقار عەمار روکابی ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگاکە دەستگیرکراوە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ محەمەد هادی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەرکراوە، بنەمای یاسایی سکاڵاکە ماددەی 43ـیە لە  یاسای سزادانی عێراقی و تۆمەتەکەش هەوڵدانە بۆ دەستدرێژی ئەلیکترۆنی.

هەروەها هێزە ئەمنییەکان رۆژنامەنووسێکیان بەناوی سەفوان لەکاتی گەڕانەوەی لە کوێت دەستگیرکردووە کە تێوەگلاوە لە دۆسیەکە.

یاس خەفاجی گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایدەگەیەنێت، عیزەت ناشی سەرۆکی ئەنجوومەن لێژنەیەکی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەکە پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنەکانیش لەسەر ئەم پرسە لە گفتوگۆدایە.

ئاماژە بەوەش دەکات ڕووداوەکان خێران و ئەگەری هەیە بەرپرسانی دیکەی خۆجێیش لە دۆسیەکە تێوەگلابن و بەم نزیکانە فەرمانی دەستگیردنیان بۆ دەربکرێت.

مێدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، پارێزگاری زیقار لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا دانی بەوە ناوە کە لەماوەی کارکردنیدا بەشێوەی پچڕ پچڕ هاوسەرگیری کاتی" چێژبەخش"ـی کردووە، کە یەکێک لە دەستگیرکراوان ڤیدیۆی قێزەونی لەو پەیوەندیانەی پارێزگار دەستکەوتووە و بە تۆڕی دەستدرێژکاری ئەلیکترۆنی ئای تی ئێسی فرۆشتووە، کە بەیەکێک لە تۆڕە ڕەشبگیرەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەندرێت.

لەوبارەیەوە ڕەزا محەمەد شارەزای بواری یاسایی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ڤیدیۆ دزە پێکراوەکان ڕاستبن ئەوا پێشلکاری یاسایی کراوە، بەوپێیەی یاساکان ڕێگە بە هاوسەرگیری کاتی نادەن و دەردەکەوێت کە پارێزگار پۆستەکەی بۆ کاری نایاسایی قۆستووەتەوە، هاوکات دەبێت بەگوێرەی بڕگەی 2-ج لەماددەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی بکرێت.

لەوبارەیەوە هادی سەعداوی پەرلەمانتاری پێشوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەساڵی 2019 ـەوە تۆڕەکانی دەستدرێژی ئەلیکترۆنی لە زیقار کاران و بەهۆی فشارەکانی ئەو تۆڕانە لەسەر بەرپرسانی دامودەزگاکان تەندەری پڕۆژەکان دابەشکراون و زیاتر لە ترلیۆنێک و 800 ملیار دینار لەماوەی ڕابردوودا بەهەدەردراوە بەبێ ئەوەی پڕۆژەیەک لەو پڕۆژانە جێبەجێ بکرێت.