زۆرینەی ئاوارە گەڕاوەکانی عێراق، بەڵگەنامە مەدەنییەکانیان نییە
لە دوو ملیۆن و نیو ئاوارەی گەڕاوە لە عێراق، 43%ـیان بەڵگەنامە مەدەنییەکانی وەک: ناسنامە، کارتی خاوەنداری موڵکایەتی، فۆرمی بەشەخۆراک و کارتی نیشتەجێبوونیان لە دەست داوە.
زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لە عێراق کە بەهۆی ململانێی چەکداریی 10 ساڵی ڕابردوو ئاوارەبوون؛ ئاوارەبوون بووەتە شوناسی ژیانیان، بەوپێیەی دوای گەڕانەوەشیان نەهامەتییەکانی ئاوارەیی بەرۆکیان بەرنادات.
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس دوای گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لە هەر 10 خێزانێک چوار خێزان کە رێژەیان 43%ـیە بەڵگەنامەکانی مەدەنی وەک: ناسنامەی باری شارستانی، بەڵگەنامەی خاوەنداری موڵکایەتی، کارتی بەشەخۆراکی مانگانە، کارتی نیشتەجێبوونیان نییە کە بەهۆیەوە بێبەش دەبن لە یارمەتییەکانی رێکخراوەکانی کۆمەکبەخش و خزمەتگوزارییەکانی حکوومی و یارمەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرینەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان نیشتەجێبووی سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەددین و دیالەن
هەریەک لە بەرنامەی یارمەتیی دارایی "کاش ئێم پی سی ئەی" و کۆمیسیۆنی باڵای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان بە هاوبەشی ڕایدەگەیەنن لەنێوان 30ـی ئایاری 2023 تاوەکو 9ـی حوزەیرانی 2024 کە یارمەتی دارایی و لۆجێستیان پێشکەش بە هەشت هەزار و 397 خێزان کردووە.
بە گوێرەی هەردوو سەرچاوەکە، دەرکەوتووە 77%ـی ئاوارە گەڕاوەکان لەجیاتی پێدانی خۆراک داوای یارمەتی دارایی کاشیان کردووە بەو پێیەی بەشێک لە سەرپەرشتیارانی ئەو خێزانانە تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوەیە و چوار هەزار و 603 خێزان لەو خێزانانە لەلایەن دایکێکی جیابووەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکان خێزانەکان لەبارودۆخێکی سەختی داراییدان کە پێویستیان بە گەیاندنی هاوکاری فریاگوزاری هەیە.
بە گوێرەی داتاکان لە پارێزگای کەرکووک 62%ـی ئاوارە گەڕاوەکان ڕایانگەیاندووە کە نەیانتوانیوە دەستیان بە بەشە خۆراکی مانگانە بگات هەروەها 60%ـی خێزانەکان ناسنامەی کەسیان نییە و 40%ـیان کارتی بەرنامەی سەبەتەی خۆراکیان لە دەست داوە ئەمە جگە لەوەی 13%ـی دایکانیش لە قۆناغی دووگیانی یان لە قۆناغی شیرپێداندان کە هەردووکیان پێویستیان بە چاودێری هەیە.