وەزیری تەندروستی: لە داهاتوویەکی نزیکدا نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دهۆکیش دەکەینەوە

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو نەخۆشخانەی شێرپەنجە وەکو شارێکی پزیشکیی شێرپەنجەیە، بەنیازین سەنتەرەکانی چارە بە تیشک و ڕووپێوی و دەستنیشان کردنی شێرپەنجە لە دەڤەری ڕانیە و هەڵەبجە و سۆران و زاخۆ بکەینەوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو نەخۆشخانەی شێرپەنجە وەکو شارێکی پزیشکیی شێرپەنجەیە، پاکێجەکە لەسەرجەم پێداویستییەکانی شێرپەنجە وەکو 'دەستنیشان کردن، ڕووپێوکردن، تاقیگە، تیشک، چارەسەر بە تیشک، چارە بە کیمیایی و نەشتەرگەری پزیشکی ناوەکی' پێکدێت.

سامان بەرزنجی گوتیشی: ئەو نەخۆشخانەیە بە کوالیتییەکی بەرز دروست دەکرێت، هەروەها هەموو پێداویستییەکانی تێدایە کە پێویست ناکات نەخۆش سەردانی شارێکی یان دەرەوەی وڵات بکات.

وەزیری تەندروستی دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستان چەند نەخۆشخانەیەکی شێرپەنجەمان هەن وەکو "نەخۆشخانەی نانەکەلی و ڕزگاری لە هەولێر، نەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی و سەنتەری ئازادی" گوتیشی: لە داهاتوویەکی نزیکدا نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دهۆکیش دەکەینەوە. کە لەقۆناغی کۆتاییدایە.

باسی لەوەش کرد، بەنیازین سەنتەرەکانی چارە بە تیشک و ڕووپێوی و دەستنیشان کردنی شێرپەنجە لە دەڤەری ڕانیە و هەڵەبجە و سۆران و زاخۆ بکەینەوە، کە ئەمانە هەمووی ژێرخانی تەندروستیە.

سامان بەرزنجی دەشڵێت: ئێمە سیستەمی "بەدەل عیادە"مان هەیە، لەبری ئەوە دکتۆرەکە نۆرینگە بکاتەوە، نۆرینگەکەی داخستووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی دەکات بۆ ئەوەی تا کاتژمێر 5ـی ئێوارە بمێنێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە نەخۆشی چارەی کیمیایی دانەنیشێت و نۆرە بگرێت. ئەمەش لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، کە نەخۆش بەپێی خشتەی خۆی چارە وەردەگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەریی شێرپەنجە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دانا.

لە نەخۆشخانەکەدا، پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای پزیشکی فەراهەم دەکرێت و سەرجەم چارەکانی وەک کیمیۆثێراپیی، سکانی  PET و CT وMRI، لەگەڵ چاندنی مۆخی ئێسک و وێنەگرتنی کامێرای گاما، چەندین چارەی دیکە تەندروستی لە بەرزترین ئاستدا بەردەست دەبێت.

بە ‏‎کۆ کردنەوەی ئەم خزمەتگوزاریانە لە نەخۆشخانەی شێرپەنجە وا دەکات کە چیتر چارەخوازان پێویست نەکات سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن بۆ وەرگرتنی باشترین چارەسەر.

نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە چوار نهۆم پێکدێت، ‏‎لە نهۆمی یەکەمدا، سێ ژووری نەشتەرگەری پێشکەوتوو ئامادە کراون بۆ ئەنجامدانی ئاڵۆزترین نەشتەرگەرییەکانی شێرپەنجە، کە تێیدا پزیشکە شارەزاکانی کوردستان بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو گرنگترین و گەورەترین نەشتەرگەرییەکان ئەنجام دەدەن.