نەمانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان حەوت نەخۆشخانەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پەکخستووە

سەنتەری شاری عەفرین ڕۆژئاوای کوردستان
سەنتەری شاری عەفرین ڕۆژئاوای کوردستان

ڕاگرتنی هاوکاری و پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان کارکردنی لە حەوت نەخۆشخانەی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پەکخستووە، بەم هۆیەوە خەڵکێکی زۆری نەخۆش بە دەستی بێ دەرمانی و نەبوونی چارەسەری پێویست پەرێشان بوون.

نەخۆشخانەی ئەمانوس لە عەفرین لەدوای بوومەلەرزەکەی شوباتی ساڵی ڕابردوو لە عەفرین کرایەوە و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هاوکاری پزیشکی پێشکەش بە خەڵکی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەری دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ حەوت نەخۆشخانەی دیکه لە کار کەوتووە.

محەممەد عەلی دانیشتووی عەفرین دەڵێ "داوا لە ڕێکخراوەکانی دەکەین بگەڕێنەوە و پاڵپشتی نەخۆشخانەکان بکەن، چونکە نیوەی خەڵکی ئەم شارۆچکەیە لە هاوکارییەکانی ئەوانەوە چارەسەریان وەردەگرت، خەڵک هەژارن و پێویستیان بە هاوکاریی و چارەسەری تەندروستییە، بە پێچەوانەشەوە دەبوایە هاوکارییەکانیان زیاد بکەن".

نەخۆشخانەی ئەمانۆس مانگانە 10 هەزار نەخۆشی چارەسەر دەکرد، ئێستاش زیاتر لە  300 نەخۆش بەبێ چارەسەر و هاوکاری تەندروستی ماونەتەوە، هەر بۆیە وەستاندنی کارەکانی نەخۆشخانە بۆ خەڵک و نەخۆشەکان سەختە.

ئوسامە دەروێش، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئەمانۆس دەڵێ "بەداخەوە نەخۆشخانەکە بەهۆی نەمانی هاوکارییەکان پەکیکەوتووە، لە کاتێکدا هاوکارییەکی زۆری پزیشکی پێشکەش بە خەڵکی عەفرین و گوندەکانی دەکرد، لەگەڵ کێشەی کەمی ناوەندە تەندروستییەکان لە عەفرین، داخستنی ئەم نەخۆشخانەیە، دۆخی خەڵکی قورستر کردووە."

نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تەنیا 26%ی پارەی پێویست بۆ پاڵپشتی کردنی 11 ملیۆن کەس لە سووریا کۆکردووەتەوە، بۆیە تا کۆتایی ئەمساڵ 50% بنکە تەندروستییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دادەخرێن.