دەنگۆی بوونی نوێنەرایەتی حەماس و حووسییەكان لە عێراق ئەمەریکای نیگەران کردووە

شاری بەغدا
شاری بەغدا

دەنگۆی بوونی نوێنەرایەتیی حەماس و حووسییەكان لە عێراق، نیگەرانی ئەمەریكای لێ كەوتووەتەوە و ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش نیگەرانییەكە بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق دەزانێت، هەروەها سەركردەیەكی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، ئاگاداری كردنەوەی نووسینگەی حەماس یاخود حووسییەكان نیین، بۆیە هیچ پاساوێک بۆ نیگەرانی ئەمەریکا نییە.

سەعد مەتلەبی، سەركردە لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات ڕایگەیاند، نازانن تاچەند ڕاستە کە نووسینگەی فەرمی حەماس و حوسییەکان لە عێراق كراوەتەوە و هیچ بەڵگەیەکی فەرمی لەو بارەیەوە نییە، بۆیە هیچ پاساوێکیش نییە بۆ نیگەرانیی ئەمەریکا. دەشڵێت: ھەڵوێستەكانی ئەمەریكا بە دەستخستنە کاروباری ناوخۆی عێراق دادەنرێت، بەو پێیەی عێراق ئازادە لەوەی ڕێگە بە هەر لایەنێک بدات نووسینگە بکاتەوە ئەگەر ڕەزامەندی فەرمی هەبێت بۆ ئەو کارە.

ئەو سەركردەیەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر نووسینگەی فەرمی بۆ حەماس یان حوسییەکان كرابێتەوە، ئەوا نووسینگەی سەربازی و ئەمنی نابن، بەڵکو بۆ ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە، كە ئامانجیان بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەخلاقی و مرۆییە.

ئەم ھەڵوێستەی دەوڵەتی یاسا لە كاتێكدایە، ڕۆژی 16ـی ئەم مانگە ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کردنەوەی نووسینگەی حەماس و حووسییەكان لە بەغدا ڕایگەیاند: ئەمەریكا پشتیوانی لە عێراقێکی سەقامگیر و ئارام دەكات و بوونی ئەو گرووپانە لە عێراق، قەیرانی ئەو وڵاتە قووڵتر دەکەنەوە و نیگەرانییەكانمان بەئاشکرا لەگەڵ حکوومەتی عێراق باس کردووە.