لەسەر چەند پرسێک وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت
ئەندامێکی لیژنەی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تەیف سامی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین و گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین تاوەکو لەسەر هەندێک پرس بگەینە ئەنجام، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق زۆر نیشانەی پرسیاری لەسەر
د. ڤیان دەخیل، ئەندامی لیژنەی دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە زۆر دۆسیەمان لەسەر وەزارەت و دەستەکان هەیە، کە یەکێک لەوانە وەزارەتی داراییە، بۆیە داوامان کردووە تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ بێتە پەرلەمان.
گوتیشی: دۆسیەمان هەیە لەسەر وەزارەتی دارایی و تەیف سامی، بۆیە بانگهێشتی پەرلەمانی دەکەین و گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین تاوەکو بگەینە ئەنجامێک، هەروەها ڕاپۆرت لەسەر ئەو دۆسیەیە دەنووسین و لە لێژنەکە دەنگدانی لەسەر دەکەین، دواتر بەرزی دەکەینەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەگەر زانیمان بەهەدەردانی زۆر لە ماڵی گشتی هەیە ئەوە ڕێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەش دا، یەکێک لە کێشەکانی دیکە ئەوەی پارە لە بانکی ناوەندی هەیە، بەڵام ئەو پارەیە نادرێتە دامەزراوە و وەزارەتەکان و پارێزگاکان، هەموویان کێشەیان هەیە، دەشڵێت: هەم هەرێمی کوردستان هەم پارێزگاکان کێشەیان هەیە کە دەڵێن سیولە نییە، بەڵام نەناردنی پارە بە ئەنقەست ئەوە کێشەیەکی گەورەیە و کاریگەریی لەسەر خەڵک دەبێت، بۆیە ئەو پرسیارەش لە تەیف دەپرسین.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق زۆر نیشانەی پرسیاری لەسەرە، وەکو دزی سەدە و گەندەڵی و کە زۆرینەی لە بانکەکانی حکوومی بوو کە سەر بەوەزارەتی داراییە، سەبارەت بەسەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، دوای هاتنی شاندی وەزاری ئابووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، زۆرشت چارەسەر دەبێت، هەروەها لێکگەیشتنێکی باش لە نێوان هەردوولا هەیە، بەزووترین کات حەل دەبیت.