گۆتێرێس: تەقینەوەی ئامێرەکان لە لوبنان ئامادەکارین بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 – هەولێر:

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، ئاماژەی ڕوودانی هێرش بۆ سەر لوبنان هەبوون و مەترسی گرژتربوونی ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل هەیە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لوبنان، ئامادەکارین بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان.

گۆتێرێس ئاماژەی بەوە دا، ئاماژەی هێرشە بۆ سەر لوبنان و مەترسیی گرژتربوونی ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئەو وڵاتە و ئیسرائیل هەیە. جەختیش دەکاتەوە، پێویستە هەموو کارێک بۆ ڕێگریی لە گرژبوونێکی وەها بکرێت.

دوێنێ سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024 لە یەک کاتتدا ئامێرەکانی بێتەلی پەیجەری ئەندامانی حزبوڵڵا لە لوبنان تەقینەوە، بەهۆیەوە 11 كه‌س کوژران کە یەکێکیان  منداڵێک بوو، 2800 کەسی دیکەش بریندار بوون كه‌ برینی چوار سه‌دیان سه‌خته‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، جارێکی دیکە، سەدان ئامێری بێتەلی جۆری وۆکی تۆک ئایکۆم کە بەدەست ئەندامانی حزبولڵای لوبنانیەوەن، تەقیونەتەوە، تا ئێستە بەهۆیە نۆ کەس کوژراون و زیاتر لە 300 کەسیش بریندارن.

هەر زوو دوای ڕووداوی تەقینەوەکان، حزبوڵلای لوبنانی ڕایگه‌یاند: هه‌واڵگریی ئیسرائیل توانیویه‌تی دزەبکاتە ناو ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامانیان، لەپاڵ ئەویشدا ئاژانسی نیشتمانی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد کە هه‌واڵگریی ئیسرائیل دزەی کردووەتە ناو ئامێری بێتەلی جۆری "په‌یجه‌ر"ـی ئه‌ندامانی حزبوڵلا، كه‌ ئامێرێكی بچووكه‌ و بۆ په‌یوه‌ندی به‌كار دێت، بەهۆی تەقینەوەی ئامێره‌كانیش دەیان ئەندامی حزبوڵڵا بریندار بوون.

بەهۆی ئەم ڕووداوانەی لوبنان، بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ڕۆژی هەینی کۆ بێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی شەڕداین.

باسی لەوە کرد، چەقی شەڕەکە بە ئاراستەی لوبنان هەنگاو دەنێت. لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە دەبێت حزبوڵلا باجێکی گەورە بدات.