شۆڕش ئیسماعیل: پێشمەرگە هەمیشە ئامادەی ڕووبەرووبوونەوەی داعش و تیرۆرە لە ناوچەکەدا
وەزیری پێشمەرگە لە میحوەری گوێر-مەخموور دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، پێشمەرگە هەمیشە بەوپەڕی توانا و هێزی سەربازییەوە ساز و ئامادەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا و پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە بە یاوەری عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت، بارەگای میحوەری 6ـی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە ناوچەی گوێڕ- مەخموور بەسەر کردەوە.
بەپێێ ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە،، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە و عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتەکە، لەگەڵ سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور و ئەندام و ئەفسەران و پلەدارانی میحوەرەکە کۆبوونەوە.
بەپێێ زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئەمنیی سنووری میحوەری گوێڕ-مەخموور و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە کرا، وەزیری پێشمەرگە جەختی کردەوە لەوەی، پێشمەرگە هەمیشە بەوپەڕی توانا و هێزی سەربازییەوە ساز و ئامادەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و تیرۆر لە ناوچەکەدا، هەروەها پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
وەزیری پێشمەرگە پاڵپشتیی و پشتیوانیی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ بەرپرسی میحوەرەکە و ئەفسەران دووپات کردەوە.
لەلای خۆیەوە، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور ستایشی پاڵپشتی و پشتیوانی وەزیری پێشمەرگەی کرد و رایگەیاند: بەردەوامین لە پاراستنی ئارامی کوردستان، بە تایبەت لە سنووری میحوەری گوێڕ-مەخموور، گوتیشی: هەمیشە پێشمەرگە دڵسۆزانە و لەخۆبووردوانە لە سەنگەری بەرگریی و پارێزگاریی خاکی کوردستاندایە.