وڵاتان په‌نا بۆ جەنگی ئەلیکترۆنی دەبەن

K24 – هەولێر:

شێوازەکان و شێوەی چەکەکان بە درێژایی مێژوو گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. لە سەرەتای دروستبوونی چەک، تا دروستبوونی بارووت، چەک، مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و درۆنی ئاراستەکراویش وای لێهاتووە بە چەکی ته‌قلیدی تەماشا بکرێن.

لەوەتەی مرۆڤایەتی درکی بە مەترسییەکانی دەوروبەر کردووە، بۆ خۆپاریزیی بێت یان سەپاندنی دەسەڵات، رووبەڕووی ئەوانی دیکە بۆتەوە. لە و کاتەشەوە، ماوەی هەزاران ساڵیش ئەگەر ملیۆنان ساڵ نەبێت، لە لە داتاشینی بەرد تا دەگاتە ئەمڕۆ، ئامرازەکانی پەلاماردانی بەرانبەر ئاڵۆزتر دەبن.

دروستکردنی بارووت و تەقەمەنی توانستی جەنگ و ڕووبەرووبوونەوەی گۆڕی، لەوە مەترسیدارتر شۆڕشی پیشەسازی بوو، بەدوای خۆیدا چەکی بکوژ، دورهاوێژ دروست کران.

جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهان سترایتجیی جەنگیان بۆ مەترسیدارتر و جەنگی یەکلاکەرەوە گۆڕی. تۆپ و مووشەکی دوورهاوێژ و ئاراستەکراو و نیشانەشکێن و فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو و چەکی وردی دەستیی زیاتر بوون.

بۆمبەکان و چەکی کۆمەڵکوژ، کە کورد وەکو یەکەمین بەرکەوتی چەکی کیمیایی لە لایەن کۆلۆنیالیزمی بەریتانی، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش جارێکی دیکە بووە قوربانی، ئامانج لێی سڕینەوەی کورد بوو.

جەنگەکان ئاڵۆزتر بوون و جیاوازییەکان زەقتر بوونەتەوە، چەکە زیرەکەکانیش کە لە سەدەی ڕابردوو دروستکردنیان تەشەنەی کردووە، بۆ جەنگی جێگرەوە گۆڕاون.

لەوەش کاریگەرتر جەنگی ئەلیکترۆنیی و سایبەرییە، لە ڕێگەی کردنە ئامانج و لەقکردنی پێگەی بەرانبەر، ئێستە دوای تەقینەوە یان تەقاندنەوەی ئاگادارکەرەوە بێتەلەکان، زەنگی گۆڕانی جەنگی ئەلیکترۆنیش بۆ بەکارهێنانی ئامیرە ئەلیکترۆنییەکان وەکو تەقەمەنیی گۆڕا، جەنگێک کە ترس و تۆقێن لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان مرۆڤایەتی گرتووەتەوە، گومان دەکەن، ئاخۆ دەبێت ئامێری نێو لەپ و دەستیان چەکێک نەبێت بەهۆیەوە پەلامار بدرێن؟ تەقینەوەی پەیجەرەکانی لوبنان پەردەلادان بوو لەسەر ئەو گرفتە، کە چیدیکە ئامێرەکان وەکو جاران تەماشا ناکرێن.

Fly Erbil Advertisment